رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کەمپەسی زانکۆیەک بە تەواوی روو لە بەکارهێنانی وزەی پاک دەکات؛ لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆی کۆیە بۆ کڕینی 12 پاسی کارەبایی لەگەڵ کۆمپانیاکانی چین گەیشتە رێککەوتن و لە چەند مانگی داهاتوودا پاسەکان دەگەنە کەمپەسی زانکۆکە.
د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی زانکۆکەی لە چینە، بە مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە بەیجین رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ چین لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "زانکۆی سەوز" بووە کە لە 16ـی ئایاری 2024 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرابوو.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە گوتی: "دوای بەدواداچوونی زۆر لە چەندین وڵاتی وەک ئیسپانیا و وڵاتانی دەوروبەر، بۆمان دەرکەوت چین لە رووی کواڵیتی و نرخەوە پێشەنگە، هەر بۆیە رۆژی 28ـی ئەیلوول لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی تایبەتمەند لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی گەیشتینە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کڕینی 12 پاسی کارەبایی."
پاسەکان کەی دەگەنە کوردستان؟
سەبارەت بە وادەی گەیشتنی پاسەکان، د. محەممەد حەسیب ئاماژەی بەوە کرد، دروستکردن و گواستنەوەی پاسەکان لە چینەوە بۆ هەرێمی کوردستان کاتی پێویستە و بەپێی رێککەوتنەکە، لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی داهاتوودا دەگەنە کۆیە و دەخرێنە خزمەتی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران لە نێو کەمپەسی زانکۆدا.
سەرۆکی زانکۆی کۆیە باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا لە هیچ زانکۆیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقدا پاسی کارەبایی بەکارنەهاتووە، ئەمەش وەک مۆدێلێکی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی کەمترین ئۆتۆمبێل بچێتە نێو کەمپەسەکە و ژینگەی زانکۆ بپارێزرێت.
هاوکات، شاندەکەی زانکۆی کۆیە لە چین تەنیا لەسەر پرسی پاس نەوەستاون، بەڵکو سەردانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی "پایسکیلی هاوبەش - Shared Bike" و سکۆتەری کارەباییان کردووە، تاوەکو هاوشانی پرۆژەکانی ریسایکلین، بەرهەمهێنانی کارەبا لە خۆر و با (Solar & Wind Turbine) و گلدانەوەی ئاو، زانکۆی کۆیە بە تەواوی ببێتە یەکەمین زانکۆی سەوز و دۆستی ژینگە.



