رووداو دیجیتاڵ
پارێزەر و چالاکڤان رێبین شەمامکی، لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. هاوڕێیەکی دەڵێت، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووە.
بەشدار حەسەن، پارێزەر و هاوڕێی کۆچکردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک رێبین ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە".
سابیر عومەر، ناسراو بە رێبین شەمامکی، پێشووتر یەکێک بوو لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها پارێزەری کەیسی جووتیارانی کورد بوو لە بەغدا، کە لە چەند دانیشتنێکی دادگەدا لەگەڵ هاوکارەکانی داواکەیان لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد بردەوە.
بەشدار حەسەن گوتی: "دوای رێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆ تەرمی رێبین شەمامکی بە خاک سپێردرا و پرسەکەی هەر ئەمڕۆ لە مزگەوتی سەردار سەعید سۆفی دەبێت لە هەولێر".
بەڵێن، کوڕی رێبین شەمامکی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باوکم پێشمەرگەی دێرین بوو، وەکو پێشمەرگەی دێرینیش خانەنشین بوو، چالاکڤان و نووسەر بوو، هاوکات پارێزەری خۆبەخشی جووتیاران بوو کە لە بەغدا کەیسەکەیان بردەوە و پارە و مافی جووتیارانیان بەدەستهێنا".
رێبین شەمامکی، ساڵی 1965 لە گوندی شەمامەری دەشتی شەمامک لە سنووری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵی 1986 چووەتە چیاکانی کوردستان و بووەتە پێشمەرگە تاوەکو ساڵی 1989 و دواتر درێژەی بە خوێندن داوە و بووەتە پارێزەر، هەروەها بەرپرسی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بووە لە هەولێر.



