رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 100 ملیۆن دینار پارەی کارەبای بۆ گەڕاوەتەوە. نووسینگەکەی دەڵێت، پارەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکییە و بە داشکاندنەوە ئەو بڕە گەڕاوەتەوە.
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای حیزبەکەی رایگەیاند: "ئێمە لە گوندی گوڵەخانە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار پارەی کارەبامان بۆ گەڕاوەتەوە؛ گوناهمان چییە وامان لەگەڵدا دەکرێت".
نووسینگەی محەممەد حاجی مەحموود ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارەکە زیاتر بووە لە 200 ملیۆن دینار و لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای خورماڵ بە داشکاندنەوە بووە بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار".
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ئەو پارەیەی کارەبا کە بۆ گوندی گوڵەخانە گەڕاوەتەوە پارەی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکییە.
گوندی گوڵەخانە لە سنووری ناحیەی خورماڵە لە پارێزگای هەڵەبجە و شوێنی مانەوەی سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات و هێزەکانییەتی؛ هەروەها لە گوندەکەدا محەممەد حاجی مەحموود کاری کشتوکاڵیش دەکات.
چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار درا دەرفەتێکی دیکە وەک دوایین دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی کارەبا، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بە رێژەی 50%، پرۆسەکەش لە 24ی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو 18-10-2026 بەردەوام دەبێت.



