رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ تیروپشک بۆ ئەو ناوانە دەکەن کە لە دوو ساڵی داهاتوودا دەتوانن حەج بکەن.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیروپشکەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەکرێت".
بە گوتەی بالیسانی، ئەمڕۆ ناوی تەواوکاری بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە ساڵی داهاتوو و هەروەها ئەوانەی ساڵی 2028 دەچنە حەج.
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستی پێکرد و 10ی ئاب کۆتایی هات. شێخ وریا بالیسانی گوتی هەفتەی رابردوو بۆ رووداو ئاشکرایکرد، چوارشەممە 29ی ئەیلوول یان یان پێنجشەممە تیروپشکەکە دەکەن.
ئەم ساڵ تیروپشک بۆ دوو ساڵ دەکرێت؛ حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیار دراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی ئەم ساڵ کە ژمارەیان زیاتر لە 2400 کەسە، دەرفەتیان پێ بدرێت بچنە حەج.
بە گشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمار کردووە کە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 وەک هاووڵاتیی ئاسایی ناویان تۆمار کردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمار کردووە.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕ کردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.



