رووداو دیجیتاڵ
بۆ جاری دووەم لە ماوەی سێ مانگدا وایەری بەشێک لە ماڵەکانی گەڕەکی رووناکی شاری هەولێر لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەبڕدرێت و دەدزرێت.
ئەو ماڵانەی وایەری کارەبەکان درزاوە، کاتێک هەستیان بە رووداوەکە کردووە، کە کارەبای نیشتمانیان بڕاوە و کارەبای موەلیدەیان نەهاتووەتەوە.
خونچە رەسووڵ، هاونیشتمانییەکی دانیشتووانی گەڕەکی رووناکییە لە شاری هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ یەکشەممە، بەیانیی زوو بوو لە کاژێر 8:00 کارەبای نیشتمانی بڕا، کەچی کارەبای موەلیدە هەر نەگەڕایەوە. پەیوەندیمان بە خاوەن موەلیدەوە کرد، دواتر تەماشامان کرد وایەری کارەبای موەلیدەیان بردووە."
ئەوە جاری دووەمە وایەری کارەبای ماڵی ئەو هاونیشتمانییە دەبڕدرێت. خونچە گوتی: "دایکم نەخۆشە و بەهۆی نەبوونی کارەباوە ناچار بووین بیبەینە ماڵی خوشکێکم. ناکرێت ماوەیەک جارێک بەمشێوەیە کێبڵەکانمان لێ بدزرێت، ئەمە دیاردەیەکی ناشرینە و داواکارین بنەبڕ بکرێت."
هیمداد خالید، خاوەنی موەلیدەی گەڕەکەکەیە لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "دوێنێ (یەکشەممە) وایەری چوار ماڵ لەگەڵ هەندێک لە کێبڵی موەلیدەکە دزراوە، کە نزیکەی 30 مەتر بووە. هەروەها وایەری ئەو چوار ماڵەش هەر یەکەیان نزیکەی 30 مەتر بووە کە بڕدراوە و دزراون."
