رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە، پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەلەستین کرد، سوپاسی هەوڵەکانی کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و د.ماهر ئەلکەرەکی، کونسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کۆششەکانی د. ماهر ئەلکەرەکی دەربڕی بۆ هەوڵەکانی بەئامانجی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەلەستین، هاوکات هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە نوێیەکانیدا بۆ خواست.
لە بەرامبەردا، کونسوڵی گشتیی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە، هەروەها جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوانیان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران.


