رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێ، نزیکەی هەزار رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە و داواکەیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی شارەوانی بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکاریی 950 بۆ هەزار رۆژنامەنووس بۆ وەرگرتنی زەوی درایە سەرۆکوەزیران بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، ئەویش رەوانەی وەزارەتی شارەوانی کردووە".
نەقیبی رۆژنامەنووسان دەڵێت: "وەزارەتی شارەوانی لایەنی جێبەجێکارە و سەرۆکوەزیران نووسراوەکەی بۆ ئەوێ ناردووە بۆ ئەوەی وەڵامی بدەنەوە لە هەبوونی زەوی، شوێنی زەوی و وردەکارییەکانی دیکە".
لە مانگی 12ی پارەوە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوی لە لقەکانیدا دابەش دەکات. حاکم ئازاد حەمەئەمین ئاماژەی بەوە کرد: "رۆژنامەنووسانی ئەندامی سەندیکاکەمان هاوشێوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شایستەی وەرگرتنی پارچەیەک زەوین، بۆ ئەوەش وەک سەندیکا هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو مافەیان بەدەست بێنن".
ئەندامانی سەندیکا سێ جۆرن، مەشقکار، بەشدار و کارا. نەقیبی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی ئەندامی کارا بن، مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و بەو مەرجەی ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بن و ئەرکەکانی سەندیکایان جێبەجێ کردبێت".
بەگوێرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئێستا نزیکەی چوار هەزار ئەندامی کارای سەندیکاکە هەن کە "پابەندییەکانیان جێبەجێ کردووە".



