رووداو دیجیتاڵ
دوو ئامێری پشکنینی کارەبایی مێشک (EEG) لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری زیاتر لەسێ مانگە لەکارکەوتوون و ئەوەش ئاستەنگی بۆ ژمارەیەک نەخۆش دروست کردووە.
ئەو دوو ئامێرە سەر بە بەشی راوێژکاری نەخۆشخانەی دەروونین، بەڵام نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری و نەخۆشخانەی دەروونی بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بەبەرپرسیارێتیی چاککردنەوەیان هەیە.
هێرش عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکە و پزیشک پشکنینی دەماری مێشکی بۆ نووسیوە.
ئەو هاونیشتمانییە بەرووداوی گوت، لەم چوار مانگە دا چەندین جار سەردانی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە، بەڵام ئامێرەکە تێکچووە.
هێرش ئاماژە بەوە دەکات: "هەر جارێک چووم، پێیان گوتووم ئامێرەکە تێکچووە. دوایین جار پێیان گوتم چی دیکە مەیەوە و تەلەفۆن بکە، چونکە نازانین کەی چاک دەکرێتەوە."
دکتۆر عەبدوڵڵا گەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، لەو بارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەو دوو ئامێرە هیچ پەیوەندییەکیان بەکارگێڕیی نەخۆشخانەکەیانەوە نییە و سەر بەبەشی راوێژکاری نەخۆشخانەی دەروونین.
دکتۆر عەبدوڵڵا گوتی: "بەپێی بودجەی نەخۆشخانەکەمان هاوکار بووین لەدابینکردنی پێداویستییەکانی ئامێرەکان. جگە لەوەش، چەندین جار خێرخوازان بەشێک لەپێداویستییەکانیان دابین کردووە."
بەگوتەی دکتۆر عەبدوڵڵا، ئامێرەکان لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری دانراون، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە نووسراو بەرپرسیارێتییان بخاتە ئەستۆی نەخۆشخانەی فێرکاری، ئامادەن هەر بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆ بگرن.
هەر لەوبارەیەوە دکتۆر سالار فاتح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی گوتی: "هەرچەندە ئامێرەکان لەبنەڕەت دا ئامێری نەخۆشخانەی هەولێری فێرکارین، بەڵام لاریمان نییە ئەگەر بەنووسراویش بخرێنە سەر نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری. بەڵام بۆ چاککردنەوەیان نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی چاکیان بکەنەوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی گوتی: "کار لە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی دەروونی دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لەماوەیەکی نزیک دا تەواو بکرێت. ئەو کات هەر دەبێت ئەو بەشە بەجێبهێڵین بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری."
دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، ئاگادارن لەکێشەی ئامێرەکان و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئامێرانە تەنیا پێویستیان بەنوێکردنەوەی سۆفتوێرەکەیانە.
دکتۆر دلۆڤان دەڵێت: "نووسراومان بۆ کۆمپانیای تایبەتمەند کردووە بۆ ئەوەی بەزووترین کات چاکیان بکاتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpeg&w=3840&q=75)