رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نزیکبوونەوە لە ئاستی خۆبژێوی، داوای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ماسی دەکات و رایدەگەیێنێت، بەرهەمی ساڵانەی ناوخۆ 30 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا زیاتر لە 11 هەزار حەوزی ماسی، 11 پڕۆژەی قەفەسی لەنێو رووبارەکان و 11 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسیی ئاوی سارد (سەلەموون) لە هەرێمی کوردستان هەن؛ ئەمەش وایکردووە بەرهەمی ساڵانە بگاتە سەرووی 30 هەزار تۆن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێویستیی ساڵانەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ماسی 35 هەزار تۆنە؛ لە کاتێکدا لە وەرزی گەرمادا خواست لە نێوان 12 بۆ 15 هەزار تۆنە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "پێشتر خۆبژێویی وەرزیمان هەبووە، بەڵام ئێستا زۆر نزیکین لە گەیشتن بە خۆبژێویی ساڵانە، بۆیە وەزارەت پابەندە بە قەدەخەکردنی هاوردەکردن تاوەکو بەرهەمی جووتیاران و پڕۆژە ناوخۆییەکان بپارێزێت."
سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ، هێشتا بەشێک لە پێداویستیی بازاڕ بە هاوردەکردن پڕدەکرێتەوە. ئێران سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەکردنی ماسیی زیندوو و، قەبارە گەورەیە. تورکیا لە پلەی دووەمدا دێت، بەتایبەت بۆ هاوردەکردنی ماسیی سەلەموون.
هەروەها پارێزگاکانی عێراق لە هەندێک وەرزدا ماسی لێوە دەهێنرێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە سنووردار دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ماسیی "کارب" خواستی زۆرترین کڕیاری لەسەرە و نرخی هەر کیلۆیەکی لەنێوان 4 بۆ 6 هەزار دینارە.
بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، بەکارهێنانی ماسی بۆ هەر تاکێک لە ساڵێکدا لەنێوان 2.5 بۆ 3 کیلۆگرامە، بەجۆرێک لە هاویندا بەهۆی گەرماوە خواست کەم دەبێتەوە و لە پاییز و زستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
لەڕووی جوگرافییەوە، پارێزگای دهۆک لە پێشەنگی بەرهەمهێنانی ماسیدایە لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەویش پارێزگاکانی سلێمانی (بەتایبەت شارەزوور، دەربەندیخان و دووکان) و هەولێر (کۆیە، مەخموور و دەشتی هەولێر)، لەگەڵ هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دێن.



