رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی گەشتیارێک نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی زمانی کوردی لە لیستی خواردنی هۆتێلێکی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەربڕی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، بەپێی رێنماییەکان دەبێت کوردی زمانی یەکەم بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "100٪ـی کارمەندانی شوێنە گەشتیارییەکانمان خۆماڵین."
گەشتیارێکی خەڵکی هەولێر لەرێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی لە هۆتێلێک لە سنووری قەزای ئامێدی کرد و گوتی: "لیستی خواردن و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی هۆتێلەکە بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی و ئینگلیزی نووسراون و زمانی کوردی تێدا نییە."
ئەو گەشتیارە ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک لە بەڕێوەبەری هۆتێلەکەی پرسیوە بۆچی کوردی تێدا نییە، لە وەڵامدا پێی گوتووە: "ئەگەر بە دڵت نییە، دەتوانیت بچیتە هۆتێلێکی دیکە."
بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە، رادیۆی رووداو پەیوەندی بە حەمید محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدییەوە کرد و رایگەیاند: "لە سنووری ئامێدی نزیکەی 230 شوێنی گەشتیاری هەن، لەناویاندا 27 هۆتێل و مۆتێل هەن. لە ساڵی 2016ـەوە رێنماییمان داوەتە سەرجەم شوێنەکان کە دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا زمانی کوردی زمانی یەکەم بێت و هیچ شوێنێک مافی نییە کوردی پشتگوێ بخات."
سەبارەت بە دۆخی ئەو هۆتێلەش، حەمید محەممەد ساڵح گوتی: "هۆتێلەکە نوێیە و سەردانمان کردوون. ئەوان لیستی خواردنیان بە زمانی کوردیش ئامادە کردووە، بەڵام هێشتا لە چاپخانەیە و چاپ نەکراوە، ئەگینا رێگە نادەین زمانی کوردی لە لیستی خزمەتگوزارییەکانیاندا نەبێت."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی لەبارەی ستاف و کارمەندانیشەوە جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم کارمەندەکانی ئەو هۆتێلە خەڵکی ناوچەکەن و تەنیا بەڕێوەبەرەکەی لوبنانییە؛ گوتیشی: "لە تەواوی هۆتێل و مۆتێلەکانی دیکەی سنووری ئامێدی، 100٪ـی کارمەندەکان خۆماڵی و خەڵکی ناوچەکەن."



