رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کفری رایدەگەیێنێت، لە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون و قۆناخی دووەمیش لە سەرەتای ساڵی نوێ جێبەجێ دەکرێت، هاوکات سنووری شارەوانیی شارەکەش کراوەتە دوو هێندە.
ئەندازیار عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی قەزای کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە بەرنامەی "مژار"ـی رادیۆی رووداودا تیشکی خستە سەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.
سەرۆکی شارەوانیی کفری رایگەیاند، لەپێناو دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، ماستەرپلان و سنووری شارەوانی نزیکەی 14 بۆ 15 هەزار دۆنم فراوانکراوە و رووبەرەکەی کراوەتە دوو هێندە.
عەلی خورشید روونیکردەوە: "لە کۆی زیاتر لە سێ هەزار و 500 ناوی فەرمانبەران، خانەنشینان و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 133 پارچە زەوی دابەش کراون، ئەو کەسانەشی ماونەتەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمدا زەوییەکانیان پێدەدرێت."
سەبارەت بە رەوشی خزمەتگوزاریی شارەکە، سەرۆکی شارەوانیی کفری ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای قەیرانی دارایی، پڕۆژەی دووسایدی کفری - کارێزە و چەندین کۆڵان و شەقامی گەڕەکەکانی (هەواری نوێ، شەهیدان، راپەڕین و شۆڕش) قیرتاو و کۆنکرێت کراون و تەواو بوون.
هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی رێژەی سەوزایی لە شارەکەدا کرد و گوتی: "لە چوار ساڵی رابردوودا رێژەی سەوزایی لە کفری لە 7.8%ـەوە بۆ نزیکەی 11% بەرزبووەتەوە، هاوکات زیاتر لە 70%ـی باخچەکانیش لە شێوازی ئاودانی تانکەرەوە گۆڕدراون بۆ سیستمی مۆدێرنی دڵۆپاندن."


