رووداو دیجیتاڵ محەممەد سەردار، گەنجێکی نابینای تەمەن 24 ساڵی دانیشتووی قەزای داقووقە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و داهاتێکی باشە و تەواوی کارەکانی خۆی بەڕێوەدەبات، بەڵام تەنیا بەهۆی لەدەستدانی بیناییەوە لەلایەن چەندین کچ و خێزانەکانیانەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی رەتکراوەتەوە. محەممەد، دەرچووی کۆلێژی شەریعەیە لە کەرکووک، چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ رادیۆی رووداو گێڕایەوە و باسی لەوە کرد، گەورەترین ئاواتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە، بەڵام تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ نابینایی بووەتە بەربەست لەبەردەمیدا. ئەو گەنجە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا چووەتە چەند ماڵێک بەمەبەستی داخوازی، بەڵام کە زانیویانە نابینایە، وەڵامەکەیان رەتکردنەوە بووە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "حەزم لە ژنهێنانە و دەمەوێت خێزان دروست بکەم، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی نابینام کەس رازی نابێت شووم پێ بکات." محەممەد باس لەوە دەکات کە نەبوونی بینایی نەبووەتە رێگر لەوەی پشت بەخۆی ببەستێت و دەڵێت: "سەرباری نابیناییەکەم، هەموو کارێکی رۆژانەی خۆم بەتەنیا و بەبێ یارمەتیی کەس ئەنجام دەدەم. پێویستم بەوە نییە کەس خزمەتم بکات و بەدوای خزمەتکاردا ناگەڕێم، بەڵکو تەنیا دەمەوێت هاوژینێکم هەبێت و بچمە ناو پرۆسەی هاوژینییەوە." ئەو گەنجەی خەڵکی داقووق لەرووی داراییەوە دۆخی جێگیرە و ئاماژە بەوە دەکات مووچەیەکی باشی هەیە و کێشەی پارەی نییە و دەڵێت: "پێویستم بەهیچ هاوکارییەکی مادی نییە، تەنیا مەبەستم لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەم ئەوەیە دەنگم بگات، بەڵکو لەرێگەی رووداوەوە کەسێک لە دۆخی من تێبگات و بتوانین پێکەوە ژیانێکی هاوبەش و بەختەوەر دروست بکەین."
هەواڵە ناوخۆییەکان09-10-2026بەرگریی شارستانیی سلێمانی: ئاگر لە شوێنێکی فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقامێک کەوتەوە