رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دادگە دوو راوچی بە 8 ملیۆن دینار سزا داوە کە کوشتنی دوو ئاژەڵی کێوییان بەسەردا ساخ بووەتەوە.
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راوچییەکان دوو بزنە کێوییان کوشتبوو، دوای ماوەیەک مانەوەی دۆسیەکەیان لە دادگە، هەر یەکێکیان بە چوار ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دران".
بزنەکان لە سنووری چیای ماوەت کوژراون و تۆمەتبارەکان لەلایەن پۆلیسی ماوەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش دەستگیر کرابوون و دواتر لەلایەن بەشی پۆلیسی دارستان مابوونەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرابووەوە.
لە راگەیێندراوی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، "سزای دارایی تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەر وەکو خۆی جێبەجێ کرا".
بەگوێرەی یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان، سزای راوکردن جیایە و دادوەر یەکلایی دەکاتەوە، بەگوێرەی یاسا کوشتنی ئاژەڵی کێوی جۆری هەیە سزاکەی دەگاتە 10 ملیۆن دینار پێبژاردن؛ هەروەها کوشتنی بەرازێک 300 هەزار و کەوێک 150 هەزار دینار سزاکەیەتی.


