رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارینی پێشبینیکراو گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کاریگەریی کەمتر بووەتەوە بەراورد بە دەستپێکی شەپۆلەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم شەپۆلەدا مەرج نییە لە سەرجەم ناوچەکاندا باران ببارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-10-2026 دوای نیوەڕۆ بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین و بەشێکی سنووری پارێزگای سلێمانی؛ هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشی سبەی کردووە و رایگەیاندووە: "بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆوە دەست پێدەکاتەوە و پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەندێک کات تاوەباران و هەورەبرووسکە دەبێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەگەری بارانی کەم و لابەلا هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان".
لەبارەی سبەیەوە ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی: "سبەی پێشبینی بارانی بەهێز لە پێشنیوەڕۆدا دەکرێ، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە ناوچە شاخاوییەکانی دیکەش ئەگەری تاوەبارانی کەم هەیە، بەڵام بۆ ناوچەکانی هەولێر، کەرکووک و گەرمیان ئەگەری باران کەمترە؛ بۆ سلێمانی و هەڵەبجەش ئەگەری تاوەبارانی لابەلا هەیە دوای نیوەڕۆدا".
پلەی گەرمای سبەی
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 26 پلەی سیلیزی
سۆران: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 21 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی


