رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، چەندین زانیاریی باسنەکراو لەبارەی دانیشتنی دادگە و گوتەکانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی خالید ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لاهوور شێخ جەنگی بە دادوەری گوتووە کە چەندین هێزی جیاواز و تەنانەت هێزی دەرەوەی کوردستانیش بەشداریی هێرشەکەی سەر لالەزاریان کردووە و رەیان کلدانی لە هێرشەکە بەشدار بووە و تەنانەت برازایەکی کلدانی لە نزیک لالەزار لە رووبەڕوو بوونەوەکان کوژراوە.
بە گوتەی دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، رێبوار حامی حاجی خالید باسی لەوە کردووە، لاهوور شێخ جەنگی رایسپاردووە پارێزگاریی لە ماڵی مام جەلال بکات، چونکە زانیارییان هەبووە هەوڵێک هەیە بۆ کودەتا لەناو یەکێتی و پلانێک هەبووە رێگە نەدرێت بافڵ تاڵەبانی بگەڕێتەوە سلێمانی، بۆیە چەند دەستەیەکیان دروستکردووە بۆ پارێزگاریی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ماڵی مام جەلال لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا، ئەو پارێزەرە باس لە گوتەکانی لاهوور شێخ جەنگی لەبەردەم دادوەر دەکات لەبارەی ئەو چەکە نیشانەشکێنەی کە نمایشکرا گوایە بەرامبەر دەباشان جێگیرکراوە بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی و دەڵێت: لاهوور شێخ جەنگی بە تەواوی رەتیکردەوە و گوتی من ئاگاداری ئەو چەکە نیم و داوای کرد لیژنەیەکی سەربازیی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن.
دەقی پرسیار و وەڵام لەگەڵ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
رووداو: بە کورتی دەکرێت باسی دادگەییەکەی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی لالەزار بکەیت، ئەمڕۆ دادگەییکردنەکە چی بوو و چی تێدا گوزەرا؟
دانا تەقیەدین: ئەمە پێنجەم دانیشتنی دادگەی تاوانەکانی 2ی سلێمانی بوو لە سەر دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ 3 راگیراوی دیکە ئامادە کران لە بەردەم دادگە، گوتەی بەڕێز کاک رێبوار حامی حاجی خالی وەرگیرا، دوابەدوای ئەویش گوتەی کاک پۆڵادی شێخ جەنگی وەگیرا، دوای ئەویش دوایین گوتە، گوتەی کاک لاهوور بوو.
رووداو: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لای ئێمە هەیە، لاهوور شێخ جەنگی لە گوتەکانیدا لە دادگە باسی کەسێکی کردووە لە دۆسیەی لالەزار، نە کوردە و نە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، بە دیاریکراوی باسی رەیان کلدانی کردووە ئەم چیرۆکە وایە؟
دانا تەقیەدین: بەڵێ ئەمە دروستە، کاک لاهوور ئاماژەی بەوە کرد کە رەیان کلدانی بەشدار بووە لە هێرشکردنە سەر لالەزار و تەنانەت برازایەکیشی ئەو شەوە لە رووبەڕوو بوونەوەکان کوژراوە لە نزیک لالەزار، هەروەک بە دادوەری گوتووە کە رەیان کلدانی پێشتر پەیوەندییەکی هەبووە بە کاک لاهووریشەوە کە ئیشی بۆ کردووە و وەک "موعتەمید"ێکی کاک لاهوور بووە سەردەمێک، تەنانەت باسی لەوەش کرد کە هەندێک پارەشی پێداوە مانگانە، بەڵام بەداخەوە دیارە کاک لاهوور نمەکی سوێر بووە.
رووداو: کاتێک لاهوور شێخ جەنگی باسی ئەم زانیارییەی کردووە لە بەردەم دادوەردا، مەبەست و ئامانجەکەی چییە؟ ئایا دەیەوێت لێکۆڵینەوە بکرێت، مەبەستەکەی چی بوو؟ هیچ داواکارییەکی هەبوو ؟
دانا تەقیەدین: کاک لاهوور ئامانجی ئەوە بوو بیسەلمێنێت کە کۆمەڵێک هێزی زۆر و جیاواز بەشداریی هێرشەکەیان کردووە و گوتی من ئامادە بووم بچمە بەردەم دادگە و قسەشم لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایش کردووە پێش هێرشەکە و گوتوومە ئێستا "پۆڵات" دەنێرم، سبەینێش خۆم دێم بۆ دادگە و پێویستی بەو هەموو هێزە نەدەکرد..
رووداو: لاهوور شێخ جەنگی باسی لە هیچ هێزێکی دیکە کرد لە دادگە کە بەشدارییان لە هێرشەکەی لالەزار کردبێت؟
دانا تەقیەدین: باسی هیچ هێزێکی دیکەی نەکرد.
رووداو: زانیارییەکی دیکە کە بە دەستی ئێمە گەیشتووە لاهوور شێخ جەنگی لەبەردەمی دادوەر باسی قۆناخی دوای دەستگیرکردنی کردووە و باسی لەوە کردووە کە بە دەستگیرکراوی براوە بۆلای بافڵ تاڵەبانی، ئەمە تاوەکو چەند دروستە؟
دانا تەقیەدین: بەڵێ باسی ئەوەی کرد کە ئەو کاتەی گیراوە براوەتە لای کاک بافڵ، کاک بافڵ لە بینایەکی تەنیشت لالەزار بووە، گوتی کە بردیانمە بەردەمی میلی چەکی لێ راکێشام و گوتی ئێستا دەتکوژم، لەو کاتەدا کاک قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوە کرد، کاک هیوای بەڕێوەبەری ئاسایشیش هات و رێگەیان نەدا تەقە بکات، ئەویش رادەستی بەڕێوەبەری ئاسایشی کردم.
رووداو: قسەی زۆر جیاواز لەبارەی گوتەکانی رێبوار حامی حاجی خالید کرا، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار، گوایە لە بەردەم دادوەر گوتوویەتی هەوڵێک هەبووە بۆ کودەتا یان کارێکی لەو شێوەیە، بە دیاریکراوی گوتەکانی رێبوار حامی حاجی خالید لە بەردەم دادوەر چی بوو؟
دانا تەقیەدین: من زۆر پێم سەیرە کە لە هەندێک کەناڵ یان هەندێک پەیج، هەندێک شت دەبیستم؛ ئێمە وەک تیمی پارێزەران هەمیشە کە بەرگریی لەم بەڕێزانە دەکەین، دەمانەوێت ئاراستەی شتەکان بە لایەکی نادروستدا نەروات بۆ ئەوەی هێدی و ئارامی بۆ شار بگەڕێتەوە، کێشە و ناوکۆکییەکان زیاتر قووڵ نەبنەوە، بەڵام خەڵک هەیە سوودی لێ وەردەگرێت لەبەر ئەوەی لەوانەیە لە بەرژەوەندیی خۆی بێت، کاک رێبوار بە دیاریکراوی گوتی: " کاک لاهوور بانگی کردووم، پێی گوتووم رێبوار کودەتایەک هەیە لە ناو یەکێتیدا، کۆمەڵێک سەرکردەی سەربازی و ئەمنی بە نیازن رێگری لە گەڕانەوەی بافڵ تاڵەبانی بکەن بۆ سلێمانی، چەند دەستەیەک دروست دەکەین، دەستەیەک رێبوار قودرەت بێت، دەستەیەک تۆ بیت، دەستەیەک ئەو بێت، دەستەیەک ئەو بێت، ئەگەر سبەینێ پەلاماری ماڵی مام جەلال درا، هێرۆخان بۆ من هێڵی سوورە و ماڵی مام هێڵی سوورن، هێرۆخان وەکو دایکم وایە و نابێت کەس لەو سنوورە نزیکبێتەوە.
باسی چەند دەستەیەکی کرد، گوتی ئەم دەستانەم ئامادەکردووە، بەڵام رێبوار قودرەت گوتوویەتی "هەرچی بێتە بەردەم چەکەکەم دەیکوژم"، من کاتێک رێبوار قودرەتم بینیوە بەو تووڕەیەوە، داوامکردووە لە دەستە سەرەکییەکە لاببرێت و لەو بینایەی کە تێیدایە تەنیا کاری چاودێریی بکات بۆیە ئەگەر جووڵەیەکی ناتەندروست بوو ئاگادار بین لێیەوە، بۆیە رێبوارم لەو دەستەیە دەرکرد، ئەو شوێنەم بۆ دابینکردووە، دوای ئەو شوێنەم گوتووە ببێت بە شوێنی حەوانەوەی رێبوار و خێزان و ماڵ و منداڵەکەی بەرێتە ئەوێ.
رووداو: ئایا باس لەوە کرا کە ئەو کاتە زانیاری هەبووە لەوەی کە دەکرێت کودەتایەک روو بدات، کاک بافڵ لە کوێ بووە؟ ئایا لە بەغدا بووە، لە دەرەوەی سلێمانی بووە؟ باسی ئەمە کرا؟
دانا تەقیەدین: نەخێر، گوتی لە دەرەوەی وڵات بووە و هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت بگەڕێتەوە، ئێمە کە زانیومانە کاک دلێری سەید مەجید و وابزانم گوتی کاک قوبادیشم ئاگادار کردووەتەوە.
کاک پۆڵادیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، گوتی کاک بافڵ هاتووەتە زیندان بۆ لام، زۆر سوپاسی کردووم و گوتوویەتی هەر ئەوە لە ئێوە چاوەڕوان دەکرا کە پارێزگاری لە دایکم بکەن، پارێزگاریی لە دایکم پارێزگارییە لە دایکی خۆتان.
رووداو: بافڵ تاڵەبانی کەی سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگی کردووە لە زیندان؟
دانا تەقیەدین: لە سەرەتای دەستگیرکردنیان بووە، کاتەکانی دەستنیشان نەکرد و تەنیا گوتی لە زیندان هاتووە بۆلام و سوپاسی کردووم.
رووداو: هیچکات لە زیندان بافڵ تاڵەبانی لاهوور شێخ جەنگی بینیوە؟
دانا تەقیەدین: ئەوەی من لە کاک لاهوورم بیستووە، باسی ئەوەی بۆ نەکردوین کە کاک بافڵ سەردانی کردبێت لە زیندان.
رووداو: لە سەرەتای ئەم پرسەدا باس لە کۆمەڵێک خەڵک کرا، هەندێک خەڵک هێنرایە سەر شاشەی تیڤییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە ئەمانە سەر بە کەسێکن؛ بۆ ئەوەی روون بم، چونکە ئەمە بابەتێکی نهێنی نییە و ئاشکرا بووە، بە ئاشکرا باسکراوە کە سەر بە ئەژی ئەمینن. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە، کەسێک کە تۆمەتبارن بەوەی کە لەگەڵ کەسێکی دیکە (ئەژی ئەمین) کار دەکەن، بۆچی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون لە ماڵەکەیدا؟
دانا تەقیەدین: کاک ئەژی ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە، کاک لاهوور ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە، هەردووکیان لە سەرکردایەتی و ناو کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، کۆنتێکستێکیان هەیە، کاک لاهوور باسی ناسینی ئەژی ئەمینی کرد و گوتی: "لە کاتی لێدانی جوندولئیسلامەوە ئەژی دەناسم،
کاک لاهوور بە ئاشکرا گوتی: پێش هێرشەکەی سەر لالەزار، کاک ئەژی هاتووە سەردانی دایکی بکات لە سلێمانی، هاتووەتە لای من بۆ ماڵی خەزوورم، کە هاتووە دایکی زۆر نەخۆش بوو و لە سەرە مەرگدا بووە، منیش پێم گوت مەچۆ کێشە دروست دەبێت بگەڕێرەوە، لەو کاتەدا جووڵە هەبووە، پێم باش بووە ئامادەباشیی هەبێت من کەسی وام نییە تەقەکەر بێت و پارێزگاریم لێ بکات، هەربۆیە ئەژی ئەمین چەند کەسێکی لە هێزەکەی خۆی بەجێهێشتووە بۆ پارێزگاریی و پاسەوانی و هیچی دیکە.
رووداو: لەبارەی ئەو چەکە نیشانەشکێنەی کە نمایشکرا لە باڵەخانەیەک جێگیرکرابوو لاهوور شێخ جەنگی چی بە دادوەر گوتووە؟
دانا تەقیەدین: کاک لاهوور کە باسی نیشانەشکینەکە کرا تووشی سەرسوڕمان بوو و گوتی: "قەناسی چی"؟ تەنانەت بە دادوەری گوت داوا دەکەم لێژنەیەکی پسپۆڕی سەربازی بێت بزانێت ئەو قەناسەی کە دەیبەستیت و ئەو شتانە دەبێت پێشتر راهێنانی لەسەر بکرێت و ناکرێت وەک ئەوەی نمایشکراوە ببرێتە باڵەخانەیەکەوە هەربۆیە من ئاگام لێ نییە، نە بە کەسیشم گوتووە قەناس بەرە بۆ ئەو شوێنە، چونکە ئەو شوێنە وەکو شوێنی چاودێریی و شوێنی حەوانەوە بوو، چەندین شوێنی دیکەی هاوشێوەم هەبووە بۆ میوانەکانم چونکە هەندێک کەس کە سەردانیان کردووم سەر بە دەزگای ئەمنی و شوێنەکانی دیکە بوون بۆ ئەوەی نەبینرێن ناردوومنەتە ئەوێ.
کاک لاهوور هەر لە دادگە باسی کاک رێبوار قودرەتی کرد، وتی کاک رێبوار لە 2000ـەوە لە دژە تیرۆر نەماوە، تەنانەت نەخۆشیش بوو، من ناردوومەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و دوورکەوتووەتەوە لە بەکارهێنانی چەکی نیشانەشکێن، ئەو چەکەش کە نمایشکراوە پێش ئەوەی بەکاری بهێنرێت پێویستە لانی کەم 9 فیشەکی پێ بتەقێندرێت هەتاوەکو دەستڕاهێنانی لەسەر بکرێت هەربۆیە من هیچ ئاگاداری چیرۆکی ئەو چەکە نیشانەشکێنە نیم.



