رووداو دیجیتاڵ
تەرمی محەممەد عەبدولڕەحمان، ئەو گەنجەی شەش رۆژ پێش ئێستا لە رووباری سیروان لەنزیک کەلار خنکا، دۆزرایەوە.
عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمێک پێش ئێستا لە بەشی سەرەوەی رووباری سیروان تەرمی محەممەد عەبدولڕەحمان، ئەو گەنجەی شەش رۆژ پێش ئێستا لەکاتی راوەماسیدا خنکا، دۆزرایەوە و سەرجەم تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنەکە."
تەرمەکە لەژێر چەند دار و پووشێکدا لەناو رووباری سیروان گیری خواردووە، تیمەکانی پزیشکی داد و بەرگریی شارستانیی گەرمیان هەوڵی دەرهێنانەوەی دەدەن، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەمانەوێت بەوریایی تەرمەکە دەربهێنینەوە بۆ ئەوەی نەشێوێت."
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێک بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان، تەمەن 30 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیاران لە شاری کەلار، لەگەڵ باوک و کەسوکارەکەیدا بە مەبەستی راوەماسی چووەتە گوندی تازەدێ لەسەر رووباری سیروان، بەڵام لەنێو ئاوەکەدا خنکاوە."
پێشتر سەبارەت بە چۆنێتی خنکانی گەنجەکە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردبوو :”بەپێی گوتەی کەسوکارەکەی، لە کاتی راوەماسیدا تۆڕی راوکردنەکە لە پێی ناوبراو گیربووە و بەهۆیەوە خنکاوە."



