رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 سەرۆك بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە كونسووڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر كرد، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکان و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ئیمانویێل مینیۆ، كونسووڵی گشتیی نوێی فەرەنسا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە چەندین وێستگەی گرنگی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا کرد و ئەو پەیوەندییانەی بە "دۆستانە و پتەو وەسف" كرد.
هاوکات كونسووڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر جەختی لە بەردەوامی "ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە مێژووییە" کردەوە. هەر لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەكان، بارودۆخی ناوچەكە، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و بابەتی كۆتایهاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق تاوتوێ کران.



