رووداو دیجیتاڵ
لە پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلدا لە سنووری ناحیەی ژاراوە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، سێ کەس گیانیان لەدەست دا.
عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی بار لە جۆری پیکاپدا لەناو ناحیەی ژاراوە روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە".
هاتووچۆی راپەڕین پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەم مانگەدا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە ساڵی 2018ەوە تاوەکو مانگی ئابی 2025، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار و 646 رووداوی هاتووچۆ روویان داوە، لە ئەنجامدا 3 هەزار و 137 کەس گیانیان لەدەست داوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.

.webp&w=3840&q=75)
