رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەدەخەکردنی خواردنەوەی وزەبەخشی 4U مشتومڕی هاونیشتمانییانی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، جگە لە رانیە، تاوەکو ئێستا لە هیچ شارێکی دیکە خواردنەوەکە قەدەخە نەکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا خواردنەوە و فرۆشتنی خواردنەوەی 4U لە سلێمانی قەدەخە نییە و هیچ بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە."
فازڵ عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، "کاتێک بەرهەمێک دێتە بازاڕ و مشتومڕ دروست دەکات، ئێمە یان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نموونەیەکی وەردەگرین و پشکنینی بۆ دەکرێت، تاوەکو بزانرێت بەرهەمەکە شیاوی خواردنە/خواردنەوەیە یاخود نا، تاوەکو ئێستاش هیچ نموونەیەکی ئەو خواردنەوەیە نەبراوەتە تاقیگە و پشکنینی بۆ نەکراوە."
رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026 قایمقامیەتی رانیە لە راگەیێندراوێکدا خواردنەوە و فرۆشتنی خواردنەوەی 4Uی لە شاری رانیە قەدەخە کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، خواردنەوەکە لەلایەن منداڵان و مێرمنداڵانەوە خواستێکی زۆری لەسەر بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە دیاری و خەڵاتی لەگەڵدا دابەش دەکات و هانیان دەدات بۆ کڕینی زیاتر.
سەبارەت بە هۆکاری قەدەخەکردنی خواردنەوەکە، قایمقامیەتی رانیە دەڵێ، "پێکهاتەی خواردنەوەی 4U لە (شەکر، رەنگ و کافاین) پێکهاتووە و لەسەر لەیبڵەکەی ئاماژە بەوە کراوە، بۆ تەمەنی خوار 16 ساڵ گونجاو نییە، بەڵام لە دووکانەکاندا رەچاوی ئەو رێنماییە نەکراوە."
بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی گوت، "لیژنەکانمان راسپاردووە چاودێریی بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی رێژەی بڵاوبوونەوەی خواردنەوەکەیان بۆ ئاشكرا ببێت، هاوکات نموونەیەکی وەردەگیرێت تاوەکو پشکنین بۆ خواردنەوەکە بکرێت، ئەگەر بێتو زیانی تەندروستیی هەبێت، لایەنی پەیوەندیدار ئاگادر دەکەنەوە و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، تاوەکو ئەم ساتە هیچ بڕیارێک نییە بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتن و خواردنەوەی 4U لە بازاڕەکان.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "لە دەسەڵاتی قایمقامیەتدا نییە خواردنەوە و فرۆشتنی خواردنەوەکە قەدەخە بکات." باسی لەوەش کرد، "پێویستە وەزارەتی تەندروستی یاخود وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار لە قەدەخەکردنی بدەن، ئەوکات قایمقامیەت بڕیارەکە جێبەجێ دەکات."
گوتیشی، "ئەگەر خەڵاتەکانی ناو خواردنەوەکە هانی هاووڵاتییان بدات بۆ کڕینی زیاتر و زەرەرمەند بن، پێویستە داواکاری گشتی لەسەر بابەتەکە قسە بکات و بڕیاری قەدەخەکردنی بدات، ئەوکاتیش ئێمە ئامادەین قەدەخەی بکەین."


