رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندی و هەوڵەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ شکاندنی دۆخی چەقبەستوویی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چڕکراونەتەوە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە رێککەوتن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نەوەی نوێش ئاسایین.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، پۆڵا تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جۆرێک لە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، هەردوولاش کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات حکومەت پێکبێت".
پۆڵا تاڵەبانی دەڵێ :"دەستپێشخەری هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت تێیدایە؛ بۆیە هەوڵەکان هەمیشە هەبوون، بەردەوامن و ئێستاش چڕکراونەتەوە."
ئەم لێدوانەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کاتێکدایە، دوێنێ گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیاند، وەک نەوەی نوێ بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن و لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا دەمێننەوە.
لەوبارەیەوە، پۆڵا تاڵەبانی گوتی، رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاسایین و لە چەند رۆژی رابردووشدا شاندی یەکێتی و نەوەی نوێ کۆبوونەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی شاندی دانوستاندنکاری تیمی یەکێتی دەستی کەوتووە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی نەکراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دیداری چەند رۆژی رابردووی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی زیاتر سەرنجیان لەسەر کشانەوەی ئەمریکا بووە و کەمتر باسی پێکهێنانی حکومەت کراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، "رێککەوتنەکان لەگەڵ نەوەی نوێ وەک خۆی ماوە و راگەیێندراوەکەی دوێنێی ئەو حیزبە بەوەی کە بەشداری حکومەت ناکەن، بابەتێکی ئاساییە چونکە هەر لە سەرەتاوە کە رێکەوتنیشمان کردووە نەوەی نوێ گوتویەتی کە نایەینە ناو حکومەتەوە و تەنیا دەمانەوێت لەرێگەی کورسییەکانی ئێمەوە ئەو ناهاوسەنگییە نەمێنێت و تەنیا وەزارەتێکمان لە عیراق دەوێت ئەو حەقەشیان پێدراوە."
رۆژی 2ـی تەممووزی 2026 لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو. لەو کاتەوە هەردوولا چەندین جار کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەیان رۆژی 9ی ئەیلوول بوو و رایانگەیاند: "هەردوو لایەن ئامادەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت".
دوێنێ سێشەممە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبیستن".
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە و گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا "باسمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکان چڕتر کراونەتەوە و هیوامان خواست لایەنەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و حکومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنن."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش 15 کورسیان بەدەستهێنا.




