رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی گەرمیان دەڵێ، بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و کارتی نیشتمانی، مەرجە هاونیشتمانییان کارتی بانکیی تایبەت بە خۆیان هەبێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیایەک لەلایەن حکومەتەوە رێگەی پێدراوە بە 25 هەزار دینار کارتی بانکی بۆ ئەو کەسانە دەربکات کە کارت و هەژماری بانکییان نییە.
ریاز محەممەد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆمپانیایە لەلایەن حکومەتەوە رێگەی پێدراوە، بۆ ئەوەی هەر هاونیشتمانییەک بە هەژماری بانکیی خۆی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت بکات. هەر کەسێک پێشوەختە خاوەنی هەژماری بانکی یان کارتی بانکی بێت (وەک ماستەرکارد و ڤیزاکارت)، پێویست ناکات کارتێکی نوێ دەربکات و دەتوانێت بە هەمان کارت رسووماتەکەی بدات."
سەبارەت بە هاوژینەکان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر دوو کەس هاوژینی یەکیش بن، دەبێت هەر یەکێکیان بە جیا خاوەنی کارتی بانکیی خۆی بێت و ناکرێ بە یەک کارت بۆ هەردوولایان پارە بدرێت."
لەبارەی نرخی کارتەکە و پاسپۆرت، ریاز محەممەد گوتی، "نرخی فەرمیی رسووماتی دەرهێنانی پاسپۆرت 91 هەزار دینارە، بەڵام بۆ ئەوانەی کارتیان نییە، ئەو کۆمپانیایە کارتێکی پڕکراو لە باڵانس بە 117 هەزار دینار بە هاونیشتمانییان دەفرۆشێت کە 91 هەزاری رسووماتی پاسپۆرتەکەیە و ئەوی دیکەی تێچووی دروستکردنی کارتەکەیە."
لە سەرەتای راگەیاندنی سیستمی پاسپۆرتی نوێی ئەلیکترۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی رسوومات لە رێگەی پارەی کاشەوە بە تەواوی راگیرا و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی خرایە کار.
بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی عێراق و بانکی ناوەندی، مەرجە هەر هاووڵاتییەکی سەروو 18 ساڵ کاتێک سەردانی نووسینگەکانی پاسپۆرت دەکات، کارتی بانکی بەناوی خۆیەوە بێت و باڵانسی پێویستی تێدابێت.
ئەم رێکارەش لە کاتی خۆیدا ناڕوونی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دروستکردبوو کە مووچەخۆر نین یان هەژماری بانکییان نییە، بەڵام دواتر لە رێگەی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە لەناو یان بەردەم فەرمانگەکان، کارتی پریپەید (Prepaid Card) بۆ هاونیشتمانییان بە کرێی دیاریکراو بەردەست خرا تا مامەڵەکانیانی پێ رایی بکەن.



.webp&w=3840&q=75)