رووداو دیجیتاڵ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، بە هیچ جۆرێک ناچنە نێو حکومەت و لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە.
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "وەک نەوەی نوێ، بەهیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێم ناکەین و بە ئۆپۆزیسیۆنی دەمێنینەوە."
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی نەوەی نوێ هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنێکیان هەیە. رۆژی 2ـی تەممووزی 2026 لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو. لەو کاتەوە هەردوولا چەندین جار کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەیان رۆژی 9ی ئەیلوول بوو و رایانگەیاند: "هەردوو لایەن ئامادەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش 15 کورسیان بەدەستهێنا.
.webp&w=3840&q=75)



