رووداو - رادیۆ
دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیری لە ناحیەی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر، باس لە کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە گەڕەکەکەیان دەکەن؛ بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، چارەسەری کێشەکە پەیوەستە بە رەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ تەرخانکردنی بودجە.
کاروان محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیری لە دارەتوو، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای هاوینەوە تاوەکو ئێستا کێشەی پچڕانی کارەبامان هەیە. رۆژانە نێوان 4 بۆ 6 کاژێر کارەبای موەلیدەمان پێدەدرێت، لە کاتێکدا سێ مانگە بەردەوام مانگانە بۆ هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینار پارەمان داوە، بەڵام کێشەکە چارەسەر نەکراوە."
لە بەرامبەردا، ئەحمەد نەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو هۆکاری دواکەوتنی چارەسەرەکەی روونکردەوە و گوتی: "نووسراو و داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی دارایی کراوە، بەڵام چونکە پڕۆژەکە پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی رەزامەندیی وەزارەتی داراییین."
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بودجەکە دابین بکرێت و کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بێت.
هۆکاری کێشەکە چییە؟
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، کێشەی کارەبای نیشتمانیی گەڕەکی رۆشنبیری و دەوروبەری، بۆ پچڕانی سێ هێڵی سەرەکیی گواستنەوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایکردووە هاونیشتمانییان زیاتر پشت بە موەلیدەی ئەهلی ببەستن.
پێشتریش لە 23ـی ئابی 2026، ئەندازیار کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2، بە رادیۆی رووداوی راگەیاندبوو: "وێستگەی دارەتوو کە سەرچاوەی سەرەکیی کارەبای گەڕەکەکەیە، یەکێک لە کێبڵە سەرەکییەکانی سووتاوە. ئێمە هەموو رێکارەکانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی بودجەی چاککردنەوەکە نەداوە."



