رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێ، سبەی لە رێوڕەسمێکدا بەقەزابوونی خورماڵ بە فەرمی رادەگەیێندرێ و ئەرکان حەسەن وەک قایمقامی قەزاکە دەستبەکار دەبێ.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی بەقەزابوونی خورماڵ بە فەرمی رادەگەیێندرێ و قایمقامیشی بۆ دادەنرێ. ئەرکان حەسەن کە پێشتر قایمقامی سەیدسادق بوو، لە رێوڕەسمێکدا وەک قایمقامی خورماڵ دەستبەکار دەبێت."
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانی بەقەزابوونی خورماڵ دەمێکە دەرچووە، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە کارەکانی دواکەوتن؛ گوتیشی: "دوای راگەیاندنی بەقەزابوونەکە، دەبێت فەرمانگە فەرمییەکانی تێدا بکرێنەوە."
رێکاری بەقەزابوونی خورماڵ لە رۆژی 30-07-2023 دەستیپێکرد، کاتێک وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر داوای دانیشتووانی خورماڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکانی بەقەزابوونی بکەن.
دواتر لە رۆژی 09-05-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو و لەبەر رۆشنایی داواکاریی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دا بە هێنانەکایەی قەزای خورماڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هەمان سنووری پێشووی ناحیەی خورماڵ.
خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە.




