رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی "گەورە و ستراتیژیی ئاوەڕۆ"ی دەستپێکردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی کۆبوونەوەی ئاوی باران و لافاو، یەکێک لەو پڕۆژانە، دروستکردنی ئاوەڕۆیەکە لەنێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری.
بەپێی گوتەی شارەوانی، ئاوەڕۆکە دەکەوێتە نێوان گوندی ئارام یەک و ئازادیی نوێ لەسەر شەقامی 120 مەتری و درێژییەکەی 15کیلۆمەترە، سەرووی ئاوەڕۆکەش دەکرێتە شەقامێکی 60 مەتریی دووساید کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاوەڕۆکە سندووقییە و قەبارەی جیاوازی تێدایە بەپێی شوێنەکان، مەبەستیش لێی پاراستنی گەڕەکەکان و ناوچەکانی دەوروبەریەتی لە مەترسیی لافاو.
ساڵانە لەگەڵ وەرزی زستان و بارانبارین، لافاو لەو ناوچەیەی هەولێر دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر چەند گەڕەکێکی ناوچەکە دەبێت، لە سەرەتای ئەم مانگەش لافاوی بەهێز چەند کاژێرێک هاتووچۆی لەو ناوچەیە پەکخست و مەترسی بۆ سەر ماڵەکانی دروستکرد.
رەنجدەر ئومێد دزەیی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان لە شارەوانیی هەولێر بە رووداوی گوت، پڕۆژەکە نزیکەی 85٪ـی تەواوبووە. ئێستا کارکردن لە قۆناخی کۆتایی دایە و سندووقی ئاوەڕۆکان دانراون. کارەکانی دیکەش قۆناخ بە قۆناخ رێک دەخرێن و تاوەکو کۆتایی 2026 پڕۆژەکە تەواودەبێت.
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای دەچ فلاوەر، بە تێچووی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت.



