رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، شەوان یان رۆژێک پێشتر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین قەدەخەیە؛ هاوکات گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ، هەر ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی قەدەخەکراو رابگیرێت و ببێتە هۆی ئاستەنگ، سزای پێبژاردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە رێکەوتی 30-8-2026 راگەیێندراوێکی لەبارەی قەدەخەکردنی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە شەواندا لە بەردەم بەنزینخانەکان بڵاوکردەوە، بەڵام "وەک تێبینیمان کردووە، بەشێک لە شوفێران پابەندی رێنماییەکە نابن."
هاتووچۆی هەولێر روونیکردەوە، بە مەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ و رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵخی لە شەقامەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان و بەردەم دووکانەکان: "راگرتنی ئۆتۆمبێل لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە شەوان و رۆژێک پێشتر قەدەخەیە، بەتایبەتی کاتێک راگرتنەکە ببێتە هۆی ئاستەنگی هاتووچۆ و بێزارکردنی هاووڵاتییان لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکان."
هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی سەرپێچی رابگیرێت، جا بۆ نۆرەی بەنزین بێت یاخود بەردەم ماڵ و دووکان، یان ببێتە هۆی بێزارکردنی خەڵک، جەنجاڵی و دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ، سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم شوفێران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و شەوان ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقام و کۆڵانەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان بەجێنەهێڵن.
_(1).webp&w=3840&q=75)



