رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە قەزای ئاکرێ بەڕێوەدەچێت و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، 100 کەپر بۆ جووتیاران ئامادە کراون و بەرهەمەکان بە نرخی هەرزان پێشکەش بە هاونیشتمانییان و گەشتیاران دەکرێن.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژانی 17، 18 و 19ـی ئەم مانگە سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، فێستیڤاڵەکە تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد: "100 کەپر بۆ جووتیاران ئامادە دەکرێن و 100 جووتیاریش ناویان تۆمار کردووە، لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین جۆری بەرهەمی کشتوکاڵی دەڤەرەکە نمایش دەکرێن، بەتایبەتی هەنجیری ئاکرێ، برنج، سماق و هەنگوین".
سەبارەت بە ئامانجی چالاکییەکە. فازڵ مستەفا روونیکردەوە ئەمە هەوڵێکە تاوەکو جووتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە، گوتیشی: "بۆ هەر بەرهەمێک پێنج بۆ شەش جووتیارمان دیاری کردووە تاوەکو کێبڕکێ دروست بێت و بەرهەمەکان بە نرخێکی هەرزانتر بفرۆشرێن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێ، کە شوێنی فێستیڤاڵەکە لە عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ دەبێت و بەراورد بە ساڵانی رابردوو شوێنەکە گەورەتر کراوە.
رۆژی 3-9-2023 یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوەچوو و تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو بەردەوام بوو، تێیدا 20 بەرهەمی جیاوازی ناوچەکە خرانەڕوو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، پار نزیکەی 40 هەزار گەشتیار و سەردانکەر لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بوون.
ساڵانە لە سنووری قەزای ئاکرێ هەشت بۆ 12 هەزار تۆن برنج، نزیکەی نۆ هەزار تۆن هەنجیر، نزیکەی حەوت هەزار تۆن سماق و 120 بۆ 135 تۆن هەنگوین بەرهەمدێت.




