رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی هوانەی پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیایەک دەستی بە هەڵکەندنی دار و تێکدانی ژینگە کردووە، بەو هۆیەوە سێ کەس دەستگیرکراون و سکاڵاش لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، هێمن عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "هێزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ رێگریکردن لە تێکدانی ژینگە و سامانی سرووشتی، توانیان رێگری لە سەرپێچییەکی ژینگەیی کۆمپانیایەک بکەن کە بێ مۆڵەت و بە شێوەیەکی نایاسایی هەستابوو بە هەڵکەندنی دارەکانی ناوچەکە."
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی: "لەسەر ئەم رووداوە کۆمپانیاکە دراوەتە دادگە و بە فەرمانی دادوەر سێ کەس دەستگیر کراون."
هێمن عەلی روونیکردەوە: "ژمارەی دارەکان نادیارە و شوێنەکە باخ بووە، بەڵام زەیتوون و چەند جۆرێکی دیکە بوون. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی دادوەری بەردەوامە."
لەبارەی سزای ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون و کۆمپانیاکەیش، ئەو گوتەبێژە دەڵێ: "لە یاسای سزادانی عێراقی هەر کەسێک ماوەی بەندکردنەکەی لە سێ ساڵ کەمتر بێ، ئەوە دادوەر بە کەفالەت ئازادی دەکات، هاوکات سزای کۆمپانیاکە پێبژاردن و هەندێک رێکاری دیکەی کارگێڕییە."



