رووداو دیجیتاڵ
نرخی زۆربەی کەرستەکانی دروستکردنی خانوو، لەوانەش بلۆک بەرزبووەتەوە، کارگەکانی دروستکردنی بلۆکیش هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی نرخی چیمەنتۆ دەگێڕنەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، نرخی بلۆک بە رێژەی 33% بەرز بووەتەوە، پێشتر 1000 بلۆکی کواڵیتی بەرز بە 450 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 600 هەزار دینار، کواڵیتی نزمیش لە 300 هەزارەوە بووەتە 450 هەزار دینار.
هەروەها نرخی گەڵابەیەک لم (22 مەتر) لە 330 هەزار دینارەوە بووەتە 420 هەزار دینار، نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە 90 دۆلارەوە بووەتە 140 دۆلار، نرخی یەک تۆن شیشیش لە 530 دۆلارەوە بووەتە 560 دۆلار.
ئەو شوفێرانەی کاری بارکردنی بلۆک دەکەن بە رووداویان راگەیاند، نرخی چیمەنتۆ بەرز بووەتەوە، جگە لەوەش کارگەکان بە نرخێکی گرانتر بلۆک دەدەن بە شۆفێرانی بارهەڵگری دەرەوەی کارگەکان و بە نرخێکی هەرزانتر دەیدەنە شۆفێرانی خۆیان.
خاوەن کارگەکانی دروستکردنی بلۆک لە هەولێر، ئەنجومەنێکییان پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی نرخی بلۆک و کاتی کارکردنیان لە کارگە. رێژەی بەرهەمهێنانی بلۆک لە هەر رۆژێکدا.
هۆگر موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکان بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ و گاز، نرخی بلۆکیش بەرز بووەتەوە، جگە لەوەش پارەیەکی زۆری کارەبامان بۆ دێتەوە."
سەبارەت بە ئەنجوومەنەکەیان، هۆگر موحسین گوتی: "ئەم ئەنجوومەنە هەر خاوەن کارگەیەک سەرپشک دەکات لە بەشداریکردن لەم ئەنجوومەنەدا، ئێستا ئەنجوومەنەکەمان فەرمی نییە."
حاجی فاخیر فارۆق، خاوەن کارگەیەکی بلۆک لە بەستۆڕە بە رووداوی راگەیاند رۆژانە 8000 بۆ 15000 بلۆک بەرهەم دەهێنن. سەبارەت بە ئەنجوومەنەکەش، حاجی فارووق گوتی: "ئێمە ئاگاداری ئەو ئەنجوومەنە نین."



