رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوا ئاگاداری دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی کە فۆرمی حەجیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام هەڵە یان کەموکوڕی تێدایە و رایدەگەیێنێت، ئەگەر تاوەکو دوو رۆژی دیکە کێشەکان چارەسەر نەکەن، مافی بەشداریکردنیان لە تیروپشکدا لەدەست دەدەن.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە، کە لە رێی سیستەمی ناوتۆمارکردنەوە نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشتووە بە مەبەستی راستکردنەوەی زانیارییەکانیان، پێداچوونەوە بە فۆرمەکانیاندا بکەن و نامەکان پشتگوێ نەخەن.
لە راگەیێندراوەکەی حەج و عومرەدا هاتووە، کە دوا وادە بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان، رۆژی سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026ـە، هەر کەسێک تاوەکو ئەو کاتە فۆڕمەکەی چاک نەکات، بە یەکجاری مافی بەشداریکردنی لە پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجیاندا نامێنێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە نزیکەی 1000 کەسن و ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە، ئەگەر لەم یەک دوو رۆژەدا سەردانی لاپەرەکانیان نەکەن و کێشەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا مافی بەشداریکردنیان بۆ حەج لەدەست دەدەن".
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد و 10ی ئاب کۆتایی هات. کاروان ستوونی گوتی: "ئەم ساڵ 116 هەزار کەس ناوی بۆ حەج تۆمار کردووە، وردبینی بۆ هەموویان تەواو بووە جگە لەو بەشەی کە کێشەیان هەیە. بریارە لەم مانگەدا تیروپشکیان بۆ بکرێت".
بەگشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمارکردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693یان وەکو هاونیشتمانیی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لەڕێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
بۆ حەجی ساڵی 2026، 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.




