رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی چوار مێرمنداڵی لە گەڕەکی رزگاری لە قەزای
کفری راگەیاند، شەوان بەردیان لە دانیشتووانی گەڕەکە دەگرت و خەڵکیش وایان زانیبوو
" جنۆکەن".
سۆران حەمەغەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت، دوای لێکۆڵینەوە
و چاودێریی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کفری، ئەو چوار مێرمنداڵە دەستگیرکراون و دانیان
بەوەدا ناوە "شەوان ماڵەکانی گەڕەکەکەیان بەردباران کردووە."
بە گوێرەی گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، مێرمنداڵەکان تەمەنیان لە نێوان
11 بۆ 14 ساڵە، "جگە لە کات بەسەربردن هیچ پاڵنەرێکی دیکەیان بۆ ئەو کارەیان
نەبووە."
دانیشتووانی گەڕەکی رزگاریی کفری لە ماوەکانی رابردوو سکاڵایان لای پۆلیس
تۆمار کردبوو، گوتبوویان "شەوانە بەرد لە ماڵەکانمان دەگیرێت" بەشێکیان
گوتوویانە "پێمان وایە جنۆکەن".
دانیشتووانەکەی باسیان لەوەشکردووە کە بەهۆی رووداوەکەوە زیان بە ئۆتۆمبێل،
دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکانیان کەوتووە.
دوای سکاڵاکە ئاسایش و پۆلیسی گەرمیان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد
و چوار مێرمنداڵەکەیان وەکو "ئەنجامدەرانی کردەوەکە" دەستگیرکرد.


