رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکدا، رووفاتی 10 کەس
لە سنووری باکوور و باشووری کوردستان دۆزرایەوە، کە لە کاتی کۆڕەوەکەدا لە ساڵی
1991 گیانیان لەدەستداوە.
بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، رێکارەکانی
پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ رووفاتەکان دەستپێبکات، سەرەتا کاتی دۆزینەوەیان لە 9ی ئەیلوول گوترا رووفاتی هەشت کەسن، ئەمڕۆ
ئاشکرا بوو کە رووفاتی 10 کەسن.
ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی
کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە یەکشەممەی
داهاتووەوە دەست دەکەن بە رێکارەکانی وەرگرتنی نموونەی ئەو رووفاتانە و دواتر رادەستی
بەشی بەڵگە و تاوان دەکرێن لە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی پشکنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ
بکرێ.
کەسوکاری ئەو قوربانییانەی کە لەکاتی کۆڕەوەکەدا
لەو ناوچانە کەسوکاریان لەدەست داوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان دەتوانن سەردانی
دادپزیشکیی دهۆک بکەن بۆ وەرگرتنی نموونە بۆ پشکنین.
بڕیارە دوای رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان، چاوەڕێی
یەکلایی بوونەوەی پشکنینەکانیان نەکرێت و رووفاتەکان لە رێوڕەسمێکدا لە قەڵای
نزارکێ لە سنووری دهۆک بە خاک بسپێردرێن.
دوای راپەڕینی باشووری کوردستان و لە 31ی ئاداری
1991، دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراق بە هەزاران تانک و زرێپۆش و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری سەربازییەوە
هێرشێکی زەوینی و ئاسمانیی فراوانی کردە سەر شارەکانی باشووری کوردستان و بە ملیۆنان
هاونیشتمانی ناچاربوون ماڵ و شاری خۆیان جێبهێڵن و بەشێکیان روویانکردە رۆژهەڵاتی
کوردستان و بەشەکەی دیکەش باکووری کوردستان، ئەو کۆچە بە کۆڕەوی ملیۆنی ناسراوە.


