رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خراپی و داڕووخانی زەویی بیناکەیەوە، خوێندکارانی دواناوەندیی هیرانی کوڕان لە ناحیەی هیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە، نیگەرانیی خۆیان لەسەر نەبوونی سەلامەتی لە قوتابخانەکەیاندا دەربڕی و پەروەردەی شارۆچکەکەش دەڵێت، بۆ وەرزی نوێی خوێندن ئامادەن قوتابخانەکە بگوازنەوە.
رێنوار عەزیز، خوێندکار لە دواناوەندیی هیرانی کوڕان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پار لەسەر راسپاردەی وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە سەردانی قوتابخانەکەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکراوە. ئەو خوێندکارە گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن، بینای قوتابخانەکەمان بەهیچ شێوەیەک سەلامەت نییە و مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەکات."
بەگوتەی خوێندکاران، زەویی بینای قوتابخانەکە رۆدەچێت و لە وەرزی زستاندا ئاو لە زەوییەکەیەوە دەردەچێت، ئەمەش گیانی خوێندکارانی خستووەتە مەترسییەوە.
خدر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە، هۆکاری تێکچوونی بیناکەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "بینای قوتابخانەکە لەلایەن رێکخراوێکی ئیماراتییەوە لەسەر شێوازی کابینە دروستکراوە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئەو زەوییەی لەسەری دروستکراوە، زستانان وەکو کانی دەتەقێت و مەترسیی رۆچوونی هەیە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەش کرد، پاریش بەهۆی مەترسیی رووخانی دیوارەکەیەوە، دیوارەکەی نۆژەنکرایەوە و بۆ وەرزی زستانیش خوێندکاران بۆ بینایەکی دیکە گواسترانەوە.
سەبارەت بە چارەسەری هەمیشەییش، خدر حەمەد گوتی: "بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بەڵێنی داوە ئەگەر پارچە زەوییەک ئامادە بێت، دەرخستە بۆ دروستکردنی بینای نوێ ئامادە بکەن تاوەکو لە رێگەی حکومەت یان خێرخوازانەوە بنیات بنرێت. بۆ وەرزی نوێی خوێندنیش، ئەگەر بیناکە سەلامەت نەبێت، خوێندکاران وەکو پار دەگوازینەوە شوێنێکی دیکە."
لە سنووری پەروەردەی شەقڵاوە 185 قوتابخانە هەن کە زیاتر لە 100ـیان لە گوندەکانن، هەروەها لە پەروەردەکەدا نزیکەی 4,300 مامۆستا و فەرمانبەر کار دەکەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە رایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، ئامادەکاریی تەواو بۆ وەرزی نوێی خوێندن کراوە و گوتی: "قوتابخانە هەیە لە سنوورەکەمان تەنیا شەش خوێندکاری تێدایە، بەڵام لەسەر راسپاردەی وەزارەت بۆ خزمەتی دانیشتووانی ناوچەکە دانەخراوە، هەروەها ئەمساڵیش نزیکەی هەشت قوتابخانە لە سنوورەکەدا نۆژەنکراونەتەوە."



