رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گوندی ژاڵەی جەزا جاف و گەڕەکەکانی ژاڵەی سەروو و خواروو لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی، نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و خنکێنەر و دەڵێن، زیاتر لە 40 هەزار کەس لەم ناوچەیە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن. فەرهاد ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی ژاڵەی جەزا جاف، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەردەوامیی ئەم بۆنە ناخۆشە ژیانی هەراسان کردوون و گوتی: "لە سەردەمی کۆرۆناوە تووشی نەخۆشیی هەناسەتەنگی و رەبۆ بووم، زۆرجار بەهۆی تووندیی بۆنەکەوە تاوەکو بەیانی خەوم لێناکەوێت." هاونیشتمانییان سەرچاوەی بۆنەکە بۆ کارگەی ریسایکلین و شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەگەڕێننەوە و داوای بەدواداچوونی بەپەلە لە ئیدارەی سلێمانی دەکەن. لە بەرامبەردا، کۆمپانیای ئاسیا بۆ وزەی نوێبووەوە، کە لایەنی بەرپرسیارە لە کارگەی چارەسەرکردنی پاشماوەکان، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. هەندرێن حەمەساڵح عومەر، بەرپرسی بەشی کڕین لە کۆمپانیای ئاسیا بۆ وزەی نوێبووەوە، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "کارگەکەی ئێمە بە هیچ شێوەیەک بۆنی دەرەکی نییە و پرۆسەکە 100٪ دۆستی ژینگەیە. بەرهەمی کارگەکەمان کە بە کەرەستەی RDF دەناسرێت، وەک جێگرەوەی وزە بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ بەکاردێت تاوەکو لە جیاتی نەوتی رەش بەکاریبهێنن." هەندرێن حەمەساڵح دەڵێت، لە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ زبڵدا هیچ جۆرە سووتاندنێک بەکارنایەت و ئاماژەی بەوە دا: "ئەو بۆنەی هاونیشتمانییان هەستی پێدەکەن ئێمەش هەستی پێدەکەین، بەڵام سەرچاوەکەی لە خوارووی ئێمەوەیە، کە سووتێنەری پاشماوە پزیشکییەکانی هەموو نەخۆشخانەکانی سلێمانییە." سەبارەت بە ئاوی پاشماوەی زبڵەکانیش، هەندرێن حەمەساڵح گوتی یەکەیەکی تایبەتیان بۆ پاڵاوتن داناوە، تەنانەت لە رادەی پاکبوونەوەیدا "کێڵگەیەکی ماسیمان هەیە و ئاوی پاڵاوتووی کارگەی بۆ بەکاردەهێنین." ئەوەشی خستەڕوو کە رۆژانە لەنێوان 400 بۆ 1,100 تۆن زبڵیان بۆ دەهێندرێت و تەنیا کەمتر لە 20٪ـی کەرەستە بەکارنەهاتووەکان بە شێوازێکی زانستی و ئەندازیاری لەژێر خاک دەکرێن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە خاک یان کەشوهەوا بگەیێنن. لای خۆیەوە، فازڵ عومەر، قایمقامی مەڵبەندی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بەردەوام لیژنەی ژینگەییمان هەیە. هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات و فلتەر بەکارنەهێنێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. هەندێک شەویش لیژنەی تایبەتمان بۆ بەدواداچوون ناردووە و کارکردن لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە."
هەواڵە ناوخۆییەکان10-09-2026وەزارەتی پەروەردە ناوی دەرچووانی پۆلی 12 ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات