رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوان راگەیاند، بێ وەرگرتنی گوتەی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، دانیشتنەکە دواخرا.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادوەر بە ریزبەندی گوتەی لە تۆمەتباران وەردەگرت، کات بۆ لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید نەما و دانیشتنەکە دواخرا".
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار دەڵێت: "یەکشەممە ئاگادار دەکرێینەوە کە دانیشتنی داهاتووی دادگە کەی دەبێت".
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی پێنجەم دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بوو؛ یەکەم جار 12ی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 3ی ئەیلوول بوو. بڕیار بوو پێشتر لە 1ی حوزەیران دادگەیی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگە نەکرا. لە پێنج جاری چوونی بۆ دادگە، دوو جار لاهوور شێخ جەنگی دادگەیی کراوە.
27ی ئابی 2025 و دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆ و دانپێدانانی کۆمەڵێک کەسی بڵاوکردەوە؛ گوایە بە هاوکاریی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، ویستوویانە لە رێگەی چەکی جیاوازەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەنە ئامانج. بەگوێرەی پارێزەرانی دۆسیەکە بۆ رووداو، دادگەییکردنەکەی ئەمڕۆ تایبەت بووە بەو تۆمەتە."
سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان، دانا تەقیەدین دەڵێت، "بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون."
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.



