رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، دوایین کات بۆ دانەوەی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەکە 12:00ی ئەمشەوە و کاتەکە درێژ ناکەنەوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-09-2026، پڕۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "750 هەزار هاوبەشی کارەبا سوودیان لە داشکاندنی قەرزی کارەبا وەرگرتووە و پارەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکییان داوەتەوە".
پڕۆژەی رووناکی دەڵێت: "ئەوانەی سوودمەند بوون هاوبەشانی سەرانسەری هەرێمی کوردستانن. 60%ی هاوبەشانی ماڵان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئێستا هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە".
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، نیوەی ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا پارەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکییان لا ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار.
پڕۆژەی رووناکی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەمڕۆ کە دوایین رۆژی داشکاندنەکەیە بە قەرەباڵخترین رۆژی هەڵمەتەکە دادەنرێت و ژمارەیەکی یەکجار زۆری هاوبەشان خواستیانە سوود لەم داشکاندنە ببینن لە دواین رۆژدا".
ئەو هاوبەشانەی تاوەکو ئێستا قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکییان نەداوەتەوە، دەرفەتیان هەیە تاوەکو کاژێر 12:00ی ئەمشەو لە رێگەی ئی-پسوولەوە قەرزەکە بدەنەوە، هەروەها فرۆشیارانی وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کاتەکانی کارکردنیان درێژ کردووەتەوە بۆ 9ی شەو و "ئەگەر خەڵکێک بمێنێت پارە بدات، فرۆشیارانی وزە تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو لێیان وەردەگرن".
پڕۆژەی رووناکی رایگەیاندووە، دوای کاژێر 12:00ی ئەمشەو داشکاندن کۆتایی دێت و ماوەی دانەوەی قەرز درێژ ناکرێتەوە.
لە 3ی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50% داشکاندن بۆ قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، و 25%ی قەرزی پیشەسازی، بازرگانی و میری بکات.



