رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ناوی سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە،رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بە نووسراوی فەرمی کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، ئەنجامی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی نێردراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، کە ئەنجام و زانیاریی دەرچووانی پۆلی 12 بە هەموو بەشەکانییەوە (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، هەروەها دەرچووانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەردوو سیستمی بەریتانی و ئەمریکی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) بە هاوپێچی ئەلیکترۆنی بۆ کاری پێویست نێردراونەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا.
بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی نووسراوەکە بە فەرمی گەیشتە وەزارەتەکەیان رێکارەکانی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکەن و پاش چەند رۆژێک کردنەوەی زانکۆلاین رادەگەیێنن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵی رابردوو لە 21ـی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان کارا کرد و تاوەکو 5ی تشرینی یەکەم بەکارایی مایەوە.
رۆژی 30ی ئابی 2026 تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی کۆتاییان هات و رۆژی دواتر ئەنجامەکەی راگەیێندرا. هەروەها رۆژی 09-07-2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوولی یەکەم راگەیێندرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە؛ ئەم ساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەییان کردووە.



