رووداو دیجیتاڵ
دیوانی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، لەمەودوا بەنزینی 750 دیناری بۆ ناحیەی خورماڵ دەنێردرێت و لە بەنزینخانەیەکی شارەکە دابەش دەکرێت.
دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئەیلوول، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەمەودوا پێویست ناکات شۆفێرانی ناحیەی خورماڵ بۆ وەرگرتنی بەنزین سەردانی هەڵەبجە بکەن و بەنزینی نرخی پاڵپشتیکراویان بۆ دەنێردرێت".
بەگوێرەی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، بە هەوڵی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لەمەودوا هەفتانە تانکەرێک بەنزینی 750 دیناری بۆ خورماڵ دەنێردرێت، ئەوە جیایە لە پشکی شاری هەڵەبجە.
دیوانی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەڵەبجە بەردەوامە و رۆژانە دوو تانکەری بۆ دەنێردرێت.
رۆژانە بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ، بەگوێرەی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 37 بەنزینخانەی هەولێر و دەوروبەری بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
بەنزینی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر و دهۆک 1750 دینارە، لە سلێمانی بە 1200 دینارە و لە هەڵەبجە بە 1300 دینارە، ئەوەش وایکردووە بەنزینی 750 دیناری خواستی زۆری لەسەربێت و نۆرەی چەند کاژێری بۆ بگیرێت.



.webp&w=3840&q=75)