رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، لە هەڵەبجە و هەولێر ئۆتۆمبێل بە قیست دەدرێتە مامۆستایان و داشکاندنیان بۆ دەکرێت. یەکێتیی مامۆستایان لە دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، سەرقاڵی رێککەوتنن بۆ ئۆتۆمبێلی قیست و لە سلێمانی دەڵێن، بانکەکان ئامادە نین ئۆتۆمبێلی قیست بدەنە مامۆستایان.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئەیلوول، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەولێر هەر مامۆستایەک خاوەن مووچە بێت و لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کرابێت، دەتوانێت لە کۆمپانیای جیلی ئۆتۆمبێل بە قیستی مانگانە بکڕێت".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، 7ی ئەم مانگە لقی هەڵەبجەی یەکێتییەکە و کۆمپانیایەک رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی مانگانە بە مامۆستایان.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لە هەڵەبجە هەر مامۆستایەک ئۆتۆمبێلی بوێت 30%ی پێشەکیی پارەی ئۆتۆمبێلەکەی لێوەردەگیرێت، تێچووی زیادە لەسەر نرخی ئۆتۆمبێلەکان 10 بۆ 11%ـە، بەڵام بۆ مامۆستایان داشکێندراوە بۆ 9%. ئەحمەد گەرمیانی گوتی: "لە هەڵەبجە هەر مامۆستایەک ئۆتۆمبێل بە قیست بکڕێت کۆمپانیا 250 بۆ 500 هەزار دینار وەک رێزێک بۆ مامۆستا بۆی دەگەڕێنێتەوە".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی، ئەو رێککەوتنەی لە هەڵەبجە کراوە مامۆستایانی قەزاکانی سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێنیش دەتوانن لێی سوودمەندبن؛ "سەرجەم مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگرێتەوە، چ دامەزراو یان خانەنشین بن، بە مەرجێک کارتی بانکیی هەژماری منیان هەبێت".
لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایانی سلێمانی، دڵشاد مەجید، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەردوو کۆمپانیای (تویۆتا ساز و کۆمپانیای جیهان) ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بە مامۆستایان، بەڵام داوا دەکەن یەکێک لە بانکەکان سپۆنسەریان بکات. تاوەکو ئێستاش هیچ بانکێک ئامادە نییە ئۆتۆمبێلەکان بکڕێت".
دڵشاد مەجید گوتی: "ساڵێک زیاترە لەگەڵ (بانکی ئەهلیی عێراق) و (بانکی جیهان) لە گفتوگۆداین بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکەین بانکەکان پەشیمان دەبنەوە و ئامادە نین رێککەوتن بکەن".
سەروەر رەئووف، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ ئاڕتی بانک لە گفتوگۆداین بۆ رێککەوتن لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان، لە واژۆکردنی رێککەوتن نزیک بووینەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ باشترین بۆ مامۆستایان دەستەبەر بکەین پاشان رایبگەیێنین".
سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، داوایان کردووە ئەو ئۆتۆمبێلانەی مامۆستایان بە قیست دەیکڕن لە جیاتی چوار ساڵ بە شەش ساڵ قیستەکەی بدەنەوە، هەروەها لە جیاتی 8% سوودی بانکی 5% بێت. گوتیشی: "رێککەوتنمان لەگەڵ هەمان بانک کردووە هەر مامۆستایەک ئۆتۆمبێلیشی نەوێت 10 ملیۆن دیناری پێدەدرێ بە قیستی پێنج ساڵ بیگەڕێنێتەوە".



.webp&w=3840&q=75)