رووداو دیجیتاڵ
دوای 15 ساڵ چاوەڕوانی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مژدەی چارەسەری کۆتایی بۆ کێشەی زەوییەکانی گوندی دێلزیان لە ناحیەی دیانا رادەگەیێنێت و قایمقامی سۆران دەڵێت، "لە ماوەی مانگێکدا کێشەکە بە یەکجاری یەکلا دەبێتەوە."
سەدان خێزان لە گوندی دێلزیانی سەر بە ناحیەی دیانا بەهۆی جێبەجێنەکردنی نەخشەی ژمارە 22، رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ماوەی 15 ساڵە ناتوانن هیچ کارێکی ئاوەدانکردنەوە لە زەوییەکانیاندا بکەن.
ئەرکان خدر، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تەنیا لە بنەماڵەی ئێمەدا 50 پارچە زەوی کەوتوونەتە ناو ئەو نەخشەیەوە، بەڵام بەهۆی راگرتنی رێکارەکان، ناتوانین بەردێکیش لەسەر زەوییەکانمان دابنێین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری سەرەکیی راگرتنی کارەکانی ئەو نەخشەیە، بوونی زێدەڕۆیی بووە کە دۆسیەکەی گەیاندووەتە دادگە و رێکارە کارگێڕییەکانی پەکخستووە.
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە رابردوودا بەهۆی زێدەڕۆیی زۆر و دروستکردنی خانووی بێ مۆڵەت، نەخشە بنەڕەتییەکە تێکچوو، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دەسەڵات دراوەتە ئیدارەی سۆران بۆ ئەوەی بە رێکاری ئیداری کێشەکە چارەسەر بکەین."
قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر 30٪ـی کێشەکان چارەسەر کراون و ئێستا کار لەسەر 70٪ـەکەی دیکە دەکرێت.
سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی کێشەکە، رەجەب زوبێر گوتی: "زیاتر لە 95٪ـی هاونیشتمانییان بۆ دەستکاریی نەخشەکە رێککەوتوون. لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دوایین راپۆرتی شارەوانی و تاپۆمان بەدەست دەگات، پاشان بڕیاری کۆتایی دەدەین و بەو هیوایەی تاوەکو مانگێکی دیکە کێشەکە بە یەکجاری یەکلا بێتەوە."
بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەیان هاونیشتمانی لە ناوچەکە دەتوانن مۆڵەتی بیناسازی وەربگرن و بە شێوەیەکی یاسایی دەست بە ئاوەدانکردنەوەی زەوییەکانیان بکەن.


