رووداو دیجیتاڵ
لە لیبیا 10 گەنجی ئیدارەی راپەڕین و چەمچەماڵ بێسەروشوێنن، برای یەکێکیان دەڵێ، "لە رۆژی 5ـی ئابەوە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی گەنجەکان نییە و داوا لە حکومەت دەکەین بەدواداچوون بۆ چارەنووسیان بکەن."
ئەمڕۆ 9ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل محەممەد، برای یەکێک لەو 10 گەنجەی لە لیبیا بێسەروشوێن بوون، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی بێسەروشوێن بوونی گەنجەکان گوتی، "براکەم لە 13ـی تەمووزی 2026 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بەرەو لیبیا بەڕێکەوتن، رۆژی 15ـی تەمووز گەیشتنە لیبیا، لەوێ قسەی لەگەڵ کردین، چەند رۆژێک لەوێ مایەوە و قسەمان لەگەڵ دەکردن، بەڵام لە رۆژی 5ـی ئاب گوتیان بەڕێدەکەون بۆ ئەورووپا، لەو کاتەوە بێسەورشوێنن و نازانین لەکوێن."
ئەو گەنجانەی لە لیبیا بێسەروشوێن بوون، حەوتیان خەڵکی پشدەر و بیتوێنن و سێشیان خەڵکی چەمچەماڵن، ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، "براکەم کە گەیشتە لیبیا سێ بۆ چوار رۆژ جارێک قسەی لەگەڵ دەکردین، دەیگوت لە شوێنێکی پارێزراون، بەڵام گومانمان هەیە و بڕواناکەین لە شوێنێکی باش بن، چونکە دۆخی لیبیا سەقامگیر نییە، زۆرینەی جار قاچاخچییەکان گەنجەکان بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی گەنجانی دیکە."
گەنجەکان تەمەنیان لەنێوان 16 ساڵ بۆ 27 ساڵە، ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، "بەدواداچوونمان بۆ ژیانی گەنجەکان کردووە و بەگوتەی شایەتحاڵەکان، ئەو 10 گەنجە لەلایەن حکومەتی لیبیاوە دەستگیرکراون، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کاربکەن بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان، چونکە بەگوێرەی زانیارییەکانمان، گەنجەکانمان لە تەرابلووس دەستگیرکراون، دەمانەوێت هاوشێوەی گەڕاندنەوەی 33 گەنجەکە، ئەو 10 گەنجەی دیکەش بگەڕێننەوە بۆ نێو کەسوکاریان."
ئیسماعیل محەممەد باسی لەوەش کرد، ئەگەر برا 24 ساڵانەکەی بگەڕێتەوە، هەرگیز رێگەی نادەن جارێکی دیکە هەمان رێگە بگرێتەبەر، چونکە رێگەیەکی مەترسیدار دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا، داواش لە حکومەت دەکەن لە فڕۆکەخانەکان رێگری بکەن لە چوونی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
رۆژی 7ی ئەیلوولی 2026، 33 گەنج کە بۆ کۆچکردن بۆ ئەورووپا رێگەی لیبیایان گرتبووە بەر و ماوەیەک لەو وڵاتە دەستگیرکرابوون گەڕانەوە هەرێمی کوردستان، ئەو گەنجانە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 27 ساڵیدا بوو، هەر یەکێکیان لەگەڵ قاچاخچی بە 19 هەزار دۆلار رێککەوتبوون بەو هیوایەی بگەنە ئیتاڵیا، بەڵام خەونەکەیان لە لیبیا کۆتاییهات.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن.


