رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی کۆبانێ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە شاری هەولێر واژۆ کرد و بڕیارە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان جێبەجێ بکەن.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 پ. د. کامەران یونس محەممەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، پێشوازیی لە د. خەزنە محەممەد و د. شەڕڤان ئیسماعیل، هاوسەرۆکانی زانکۆی کۆبانێ و شاندێکی یاوەریان کرد.
د. سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین تیشکی خستووەتە سەر رۆڵی گرنگی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان لە رێکخستنی ئەم سەردانە و رایگەیاندووە کە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیی ئەکادیمی و کارگێڕیی زانکۆی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن."
بە گوتەی د. سامان عەبدوڵڵا، "سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بایەخ بە هەبوونی پڕۆگرامی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان دەدات، بەتایبەت کە زانکۆی کۆبانێ زانکۆیەکی نوێیە و لە ساڵی 2017 دامەزراوە."
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێ: سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەڵێنی داوە کە پاڵپشتى زانكۆی كۆبانێ بێت.
لە لایەکی دیکەوە، هاوسەرۆکانی زانکۆی کۆبانێ خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەم هاوئاهەنگییە دەربڕیوە و سوپاسی بەڵێنی پاڵپشتییەکانی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینیان کرد بۆ پەرەپێدانی ئاستی زانستیی نێوان هەردوو زانکۆکە.




