رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوو بۆ سێ رۆژە سەرتاشخانەکانی دەربەندیخان لەسەر رەزامەندیی قایمقام، شەوان دەرگاکانیان دادەخەن، ئێستا نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و چەندین کەرتی دیکەی بازاڕیش بڕیاریانداوە تاوەکو کاژێر 08:00ـی شەو کار بکەن.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، ئامانج محەممەد، قایمقامی قەز ای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوابەدوای داخستنی سەرتاشخانەکانی شاری دەربەندیخان، ئێستا نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش بڕیاریانداوە شەوان دووکانەکانیان نەکەنەوە."
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم بڕیارە لەسەر داوای کاسبکاران خۆیان بووە و گوتی: "دوای ئەوەی سەرتاشەکان داوایان کرد و جێبەجێمان کرد، دواتر ماسیفرۆشەکان، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و ئەمڕۆش سەرجەم کۆزمەتیک، قوماش و جلوبەرگەکان پەیوەندییان کرد کە ئەوانیش داوایانکردووە".
بڕیارە لە دەربەندیخان کاتی کارکردن ببێتە 08:00ـی بەیانی بۆ 08:00ـی ئێوارە. ئامانج محەممەد دەڵێ:"ئێمە پرسەکەمان نەخستە دەنگدانەوە، چونکە زۆرینەیان رازی و پابەند بوون، ئێمەش وەک حکومەت تەنیا بڕیاری رێکخستنیان بۆ دەردەکەین."
ئەم رێکارە نوێیەی بازاڕی دەربەندیخان لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو سەرتاشەکانی سلێمانی لە گردبوونەوەیەکدا داوایان کرد، بەهۆی ئەوەی کاتی کارکردنیان زۆرە و لە خێزانەکانیان دابڕاون، کاتی کارکردنیان بۆ دیاری بکرێت.
نزیکەی مانگێکە لە چەند قەزا و ناحیەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستانیش، بەشێک لە سەرتاشخانەکان و کاسبکاران لە دوای کاژێر 08:00ـی شەوەوە دەرگاکانیان دادەخەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێکخستنەوەی کاتی کارکردن و پشووی کاسبکاران.




