رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لەنێو گۆڕستانێکی شاری کەرکووک بەرزبووەتەوە و پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، خاشاکە سووتاوە و بەرگریی شارستانی رایگەیاند، تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە بوون.
گۆڕستانەکە ناوی سەید عەلاویە لە سنووری قۆریە و خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری کۆبوونەوە. بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئاگرەکە نزیک کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو گۆڕستانەکەدا دروستبووە. قسەی جیاوازیش لەسەر ئاگرەکە دەکەن.
عەمید عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاند و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای پشکنینی مەیدانی، دەرکەوت کە ئاگرەکە بەهۆی گڕگرتنی پاشماوە و خاشاکێکەوە بووە کە لە گۆشەیەکی گۆڕستانەکەدا کەڵەکە ببوون، دووکەڵ و ئاگرەکەش لەژێر ئەو پاشماوانەوە دەرچووە".
بەڕێوەبەری راگەیاند و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک گوتی :"هیچ گۆڕێک لەو شوێنەدا نییە کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە و ئەوەشی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە"."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستیان بە کوژاندنەوەی تەواوەتیی ئاگرەکە و دابینکردنی سەلامەتیی شوێنەکە کرد، هاوکات رێکاری پێویست گیرایەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی لەو شێوەیە."
پێشتر قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژیی بەرگریی شارستانیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان چوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە".
سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت: "هیچ نییە، هەندێک پاشماوە و داریان سووتاندووە. تیمەکانمان شوێنەکەیان هەڵکەندووە و وا ئاگرەکە دەکوژێننەوە. رەنگە کاری سیحربازەکان بێت."


