رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی نزیکەی 10 رۆژدا کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە 500 مێگاوات کارەبایان کەم کردووەتەوە، ئەوەش وەک گوشارێک بۆ سەر حکومەت تاوەکو شایستە داراییەکانیان بدەن. سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکییش دەڵێت، 70%ی شایستەکانیان دراوە.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا، لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولەوە هەر دوو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان و شەمامک 100 مێگاواتی دیکە کارەبایان کەمکردووەتەوە، بەوەش لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 500 مێگاوات کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە.
دڵشێر بەردەڕەشی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی بە رووداوی راگەیاند، "کەمکردنەوەی 400 مێگاوات کارەبا بەناوی سیانەکردنی وێستگەکانەوە بووە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان هەبووە، بە شێوەیەکی بەرچاو کارەبای هەولێر و دهۆک کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 16 کاژێر لە رۆژێکدا."
بەڵام بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە رووداوی گوت، "کەمکردنەوەی کارەبا بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان بووە لەلایەن حکومەتەوە." گوتیشی، ئەگەر هەیە کارەبا لەو بڕەی ئێستاش کەمتر ببێتەوە.
ئەو سەرپەرشتیارەی پڕۆژەی رووناکی ئاماژەی بەوەش کرد، 70%ی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجکراوە. هەروەها پێشنیازێکی بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کرد تاوەکو بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەنەوە و دەڵێت، "ئەگەر ئەو 500 مێگاوات کارەبایەی کەمیان کردووەتەوە، بۆ تۆڕی کارەبای بگەڕێننەوە، حکومەت لە بەرامبەر هەر مێگاواتێک 19 دۆلاریان بۆ خەرج دەکات، لەگەڵ ئەو گازەی بۆ بەرهەمهێنان پێویستیانە."




