رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بڕیاریان دا رۆژی پێنجشەممە لە 5 ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بکەن، داوای سەرەکییان گۆڕینی ناونیشانیانە لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی.
نێچیرڤان رەفووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی پێنجشەممە 10-09-2026، کاژێر 10:00ی بەیانی، مامۆستایانی گرێبەست لە چەندین شوێنی جیاواز گردبوونەوە دەکەن، داواکاریی سەرەکیمان دامەزراندنی هەمیشەییە، هۆشداری دەدەینە هەر لایەن و حیزبێک سازش لەسەر ئەم داواکارییەمان بکەن."
بەپێی بڵاوکراوەی دەستەی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست، شوێنی گردبوونەوەکان بەم شێوەیە دەبێت:
- سلێمانی: مامۆستایانی پەروەردەکانی (رۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و قەرەداخ) لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی.
- گەرﻣیان: مامۆستایانی پەروەردەی کفری لەبەردەم بینای پەروەردەی قەزاکە.
- هەڵەبجە: لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە.
- راپەڕین: مامۆستایانی پەروەردەی پشدەر لەبەردەم بینای پەروەردەی پشدەر.
- دووکان: لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دووکان.
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست داوا لە مامۆستایانی میلاک و چالاکڤانانی مەدەنی دەکەن، هاوکاریان بن و بەشداریی گردبوونەوەکە بکەن بۆ پشتگیریکردن لەو مافەی چەندین ساڵە داوای دەکەن، جەخت دەکەنەوە تەنیا بە هەمیشەیی بوون کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکانیان دەهێنن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە.


