رووداو دیجیتاڵ
دوای 16 ساڵ لە دامەزراندنی، زانکۆی گەرمیان هێشتا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە. سەرۆکی زانکۆکەش رایدەگەیێنێت، پرۆپۆزەڵێکیان پێشکێشی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە بۆ ئەوەی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە خانەقین بکرێتەوە و کێشەی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان کۆتایی بێت.
د. ئاراس فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ راگری هەر سێ کۆلێژەکەی خانەقین سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانمان کرد. وەزیر پێی راگەیاندین، وەکو چارەسەرێک، پرۆپۆزەڵێک ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بینێرنە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی پێشنیازەکە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان گوتی، "داوامان کردووە زانکۆیەکی سەربەخۆی حکومی لە خانەقین بکرێتەوە، بە شێوەیەک ئەو کۆلێژانەی ئێستا لە خانەقین سەر بە زانکۆی گەرمیانن، ببنە زانکۆیەکی سەربەخۆ، بەمەش کێشەی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان چارەسەر دەبێت."
سەرەکیترین رێگر لەبەردەم دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زانکۆکە لە سنووری دوو پارێزگای جیاوازدایە؛ ناوەندی زانکۆکە لە کەلار و کفرییە (پارێزگای سلێمانی)، بەڵام کۆلێژی لە خانەقین (پارێزگای دیالە) هەیە، ئەمەش بەپێی یاساکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رێگەپێدراو نییە.
د. ئاراس فەریق ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر ئەم پێشنیازە دەربڕیوە. ئێستا پرۆپۆزەڵەکە بۆ دروستکردنی زانکۆی خانەقین ئامادە کراوە و رادەستی وەزارەت کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی کۆتاییان نەدراوەتەوە بۆ دەستبەکاربوونی زانکۆ نوێیەکە.
پێش دوو هەفتە کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج ئەو گرفتەیان باس کرد و دەڵێن کچ و کوڕەکانیان دوای دەرچوون لە زانکۆکە بەهۆی داننەنان بە زانکۆکە، دانامەزرێن.


