رووداو دیجیتاڵ
سالار رەزا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (داعش تەنیای کردم) دەڵێ: "بەڵگە فیلمەکەمان لە فێستیڤاڵی ئۆنیرۆس خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم و چیرۆکی بەدەستهێناوە و چاوەڕێ دەکەین لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکە خەڵات بباتەوە".
لەبارەی خەڵاتی فیلمی ئۆنیرۆس، سالار رەزا دەڵێت: "فێستیڤاڵی ئۆنیرۆس یەکێکە لە 100 فێستیڤاڵە گرنگە نێودەوڵەتییەکانی جیهان، کە لە نیویۆرک رێکدەخرێ. ئەم پێشبڕکێیە مانگانە بەڕێوەدەچێ و لەلایەن بنکەی داتای فیلمەکانی بەردەست لە ئینتەرنێت (IMDb) بە فەرمی ناسێندراوە، کە ئامانجی دۆزینەوە و پشتیوانیکردنی دەرهێنەرە بەهرەمەندەکان و بەرهەمە سینەماییە ناوازەکانە لە سەرانسەری جیهان. هەموو 3 مانگ جارێک، فیلمە براوەکان لە رێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری نیویۆرک نمایش دەکرێن."
دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت: "بڕیارە رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2026 بەڵگەفیلمەکە لە رێورەسمێکی تایبەت لە شاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش بکرێ".
فیلمەکە چیرۆکی کچێکی کوردی تەمەن 14 ساڵ دەگێڕێتەوە کە خەڵکی سلێمانییە و خەونی ئەوەیە ببێتە پزیشک.
کاتێک خێزانی ئەو کچە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ دایکی گەشت بۆ تورکیا دەکەن، گەشتەکەیان رووبەڕووی وەرچەرخانێکی کارەساتبار دەبێتەوە و دەچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
سالار رەزا دەڵێت: "ئامانج لە بەرهەمەکانی رووداو، ناساندنی دۆزی کورد و کێشە و دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمانە. ئێستا بەهۆی رووداوەوە، ناوی پێشمەرگە و شەڕڤان گەیشتوونەتە سەر فەرشی سووری فێستیڤاڵە جیهانییەکان. پێشتر بەهۆی نەبوونی میدیاوە، نەتوانراوە کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان بە جیهان بناسێنرێن، بەڵام ئێستا رووداو بووەتە هۆکاری ئەوەی زیاتر کورد بناسێنرێ".
سالار رەزا دەڵێت: "ئەنجامی کارەکانمان وادەکات زیاتر هەوڵ بدەین و بیر لە ماندووبوون نەکەینەوە. ئێستا بەوە دڵخۆشین کە بەرهەمەکانمان لە جیهاندا ناسراون. کاری ئێمەش ئەوەیە کەیسەکانی پەیوەست بە گەلەکەمان بە جیهان بناسێنین، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەنفال و کیمیاباران".
لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی بەڵگە فیلمەکە، سالار رەزا دەڵێت: "دۆزینەوەی چیرۆکەکە یەکێک بوو لە ئاڵنگارییە گەورەکان، کە توانیمان بە هاوکاری دەزگای ئاسایش، کەیسێکی تایبەت بدۆزینەوە".
لەبارەی کارکردن لە بەڵگە فیمەکەدا سالار رەزا دەڵێت، تیمێکی پیشەیی پێکەوە کاریان بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کردووە.
هێشتا کاتی پێشاندانی فیلمەکە لە کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵگە لە دوو فێستیڤاڵی دیکە ناساندنی بۆ کراوە.
سالار رەزا سەعید، رۆژنامەڤانێکی کوردە و خاوەنی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونە لەو بوارەدا. سالار لە ساڵی 2012ـەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستبەکاربووە و ئێستا بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

