رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی بەشێکی هەولێر و ژمارەیەک گوندی دەوروبەری کێشەی کەمیی کارەبایان هەیە. هاونیشتمانییەک باس لەوە دەکات، بەهۆی نەبوونی کارەباوە بێ ئاویش بوون، چونکە بۆ دەستکەوتنی ئاو پشت بە بیر دەبەستن.
محەممەد شەمسەدین، دانیشتووی گوندی کانی گەنی لە سنووری بنەسڵاوە باس لە مەینەتییەکانی خەڵکی ئەو گوندە دەکات و دەڵێت، "5 رۆژە تەنیا 2 کاژێر کارەبامان هەبووە. لەبەرئەوەی ئاوی شارەوانیمان نییە و پشت بە بیر دەبەستین، بەبێ کارەبا ئاویشمان بڕاوە."
محەممەد کە بە مووچەی 500 هەزار دینار بژێویی 9 کەس دابین دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات، لە مانگێکدا سێ جار بە تانکەر ئاوی کڕیوە و 80 هەزار دیناریشی تەنیا بە کرێی موەلیدە داوە.
دۆخەکە لە گوندی کەڕک لە نزیک پیرزین و ژمارەیەک گوندی ناوچەی زرارەتی هاوشێوەیە. رێبین سەعدی، دانیشتووی پیرزین باس لەوە دەکات کە 10 رۆژە کارەبا لە 07:00ی بەیانییەوە دەبڕدرێ تاوەکو 12:00ی شەو.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، خاوەن موەلیدەکان بەهۆی گرانیی گازەوە ئامادە نین موەلیدەکان کار پێبکەن، ئەوەش کێشەکەی گەورەتر کردووە.
فەرمان شوکر، خەڵکی ناوچەی زرارەتییە و دەڵێ، 15 رۆژە بێ کارەبان و لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. ئاماژە بەوەش دەکات، بێ کارەبایی کێشەی ئاویشی بۆ چەندین گوند دروستکردووە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونکردنەوەی لەسەر زیادبوونی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان دا و گوتی، "لە شاری هەولێر رۆژانە موەلیدەکان 8 تاوەکو 10 کاژێر کاردەکەن. لە دەوروبەری شار و قەزاکانیش کارکردنی موەلیدە گەیشتووەتە 10 تاوەکو 14 کاژێر."
سەبارەت بە دیاریکردنی نرخ و کۆکردنەوەی پارەی ئەمپێر لە هاونیشتمانییان، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان گوتی، چاوەڕێی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەزارەتی کارەبان بۆ دیاریکردنی خشتەیەکی نوێ و نرخی هەر کاژێرێک بەپێی داتاکان.
خۆران خۆرانی تیشکی خستە سەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش و گوتی، "لە چوار رۆژی رابردوودا نرخی یەک بەرمیل گاز لە 210 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 235 هەزار دینار، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خاوەن موەلیدەکان."
لە بەرامبەر ئەم سکاڵایانەدا، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا پەیوەندی بە پڕۆسەی چاککاری یەکەکانی بەرهەمهێنان لە وێستگەی خورمەڵە و چەند وێستگەیەکی دیکەوەیە.
ئەو بەرپرسەی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم پڕۆسەی چاککارییە زۆر پێویست بووە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بێت و دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە."



