رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی (ئۆڤانیا) بە هاوبەشیی کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور یەکەمین پێشبڕکێی ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان رێکدەخات.
تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشی میدیایی ئەم چالاکییەیە کە هەر ئەم مانگە دەست پێدەکات.
یەحیا چالی، دامەزرێنەری دامەزراوەی (ئۆڤانیا) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە ئێستاوە خوازیاران دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکرد داواکاری پێشکێش بکەن.
گەنجانی کوردستان لە هەر شوێنیك بن و تەمەنیان زیاتر لە 18 ساڵ بێت، دەتوانن داواکاری بەشداریکردن پێشكێکێش بکەن.
یەحیا چالی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 100 کەس هەڵدەبژێردرێن و بەسەر تیمی سێ کەسیدا دابەش دەبن. شوێنی کارکردنی تیمەکان بە گوێرەی شوێنی نیشتەجێبوونی بەشداربووەکان دەبێت لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک.
کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور هاوبەشی سەرەکی چالاکییەکەیە و دامەزرێنەی ئۆڤانیا گوتی، دەیانەوێ سێ تاوەکو نۆ کەس لە براوەکان بنێرنە کۆریای باشوور تاوەکو ئەزموونی ئەو وڵاتە لە بواری ژیری دەستکرد لە نزیکەی هەفتەیەکەدا ببینن.
جگە لەوەی بەشدارانی تیمی براوە دەرفەتی گەشتکردنی بۆ دەڕەخسێت، دەبێتە براوەی خەڵاتێکی دارایی کە بڕەکەی 10 هەزار دۆلارە و لە داهاتووشدا هەلی کاری بۆ دەرەخسێندرێ.
.jpeg&w=3840&q=75)

